Accessibility links

ژمارەیەک کەشتی جەنگی تورکیا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی کەشتیەکی ئیتالیا دەکەن


کاربەدەسـتانی قوبرس دەڵێن ژمارەیەک کەشتی جەنگی تورکیا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان کردووە لە دژی کەشتی کۆمپانیایەکی ئیتالی، ئەگەر بێت و هەوڵی گەڕان بە دوای گازی سروشتی بدات لە نزیک کەنارەکانی قوبرس.

ڤیکتۆراس پاپادۆپـۆلۆس جێگری گوتەبێژی حکومەتی قوبرس ئەمڕۆ هەینی گوتی کەشتی هەڵکۆڵینی کۆمپانیای Eni ی ئیتالی هەوڵی دابوو بۆ گەڕان بە دوای گازی سروشتیدا لە ناوچەی "بلۆک 3" کە دەکەوێتە ئاوەکانی باشوری وڵاتەوە نزیکبکەوێتەوە، بەڵام 5 کەشتی جەنگی تورکیا ڕێگەیان لێگرتووە و هەڕەشەیان لێکردووە ئەگەربێت و پاشەکشە نەکات ئەوا هێزی لە دژ بەکاردەهێنن.

تورکیا لە 9 ی ئەم مانگی دووەوە کەشتی جەنگی بۆ ئاوەکانی باشوری دورگەی قوبرس ڕەوانەکردووە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە هەوڵەکانی قوبرس بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی.

کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن ئەگەربێت قوبرسی یۆنانی ئەو گازە دەربهێنێت ئەوا بەشە تورکیـیەکەی دورگەی قوبرس بێبەش دەبێت لەو سامانە سروشتیـیە.

نیکۆس ئاناستاسیادس سەرۆکی قوبرس ڕۆژی چوارشەممە گوتی وڵاتەکەی سەرەڕای هەڕەشەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە دوای گازی سروشتیدا.

لە لایەکی دیکە جۆرج لاکۆترێـپـس وەزیری وزەی قوبرس بە گەناڵی تەلەفیزیۆنی سیگمای گوت هەتا ئێستا هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە شکستیان هێناوە.

جێی ئاماژەیە دورگەی قوبرس لە پاش شاڵاوە لەشکریـیەکەی تورکیا لە ساڵی 1974 ، بووە بە دوو بەشەوە، بەشێکی یۆنانی کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی‌پیادانراوە و بەشێکی تورکی کە تەنیا لە لایەن تورکیاوە وەک وڵات ناسێنراوە. لە نێوان هەردوو بەشەکەش ناوچەیەکی دابڕاو هەیە لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

XS
SM
MD
LG