سەرۆکی قوبرس دەڵێت کارەکانی گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە ناو دەریای باشوری وڵاتەکەی بەردەوام دەبن وەک چۆن پـێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایی زۆری تورکیا و تورکە قوبرسیـیەکان لەم بارەیەوە.
نیکۆس ئاناستاسیادس ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی هەرچ داهاتێک پەیدابکرێت لە ئەنجامی دۆزینەوەی گازی سروشتی، ئەوا بە یەکسانی لە نێوان هەموو هاوڵاتیانی قوبرس دابەشدەکرێت پاش ئەوەی هەردوو بەشی دورگەکە یەکدەگرێتەوە. گوتیشی بۆ ئەم مەبەستە سندوقێکی دەوڵەت دەکەنەوە تاوەکو داهاتەکانی ئەو گازەی تێدادەبنرێت.
سەرۆکی قوبرس جارێکی دیکە داوای دەسـتپـێکردنەوەی وتووێژەکانی ئاشتی کرد بەو مەرجەی تورکیا وازبهێنێت لە دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە کەنارەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی دورگەکەیان.
هاوکات کەشتیـیە جەنگیـیەکانی تورکیا بەردەوامن لە ڕێگەگرتن لە کۆمپانیای ئینی ئیتالی بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی لە نێو ئاوی دەریای بۆ دەوڵەتی قوبرس.
تورکیا لای خۆیەوە دەڵێت ئەگەربێت و قوبرسی یۆنانی ئەوەی لە لایەن کۆمەڵی نێودەوەڵەتیـیەوە دانیپیادنراوە وەک وڵات، سەرچاوەی گازی سروشتی بدۆزێتەوە، ئەوا مافی تورکە قوبرسیـیەکان لە سەروەت و سامانی دورگەکە دەخوات.