لە ساڵیادی 50 ساڵەی هیرشی تورکیا بۆ سەر قوبرس، ڕۆژی شەممە یۆنانییەکانی قوبرس ماتەمینییان گێڕا و تورکەکانی ئەو دوورگەیەش لەم ڕۆژەدا ئاهەنگییان گێڕا.
قوبرس کە لە ڕووی نەژادەوە دابەش بووە، سەرچاوەیەکی بەردەوامی گرژییەکانە لە نێوان یۆنان و تورکیادا کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
ڕۆژی شەممە ناکۆکییەکانییانی نێوان دوو ولات زیاتر دەرکەوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادەی ئاهەنگێکی نمایشی سەربازیی بوو لە باکووری نیکۆسیای پایتەختی قوبرس، ئەوەش بە بۆنەی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەی ساڵی 1974 کاتێک هێزەکانی تورکیا هێرشێکی سەربازییان بۆ سەر قوبرس ئەنجامدا کە بە " ئۆپەراسیۆنی ئاشتی " ناوییان دەبرد.
بڕیارە سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیس دواتر لە ڕۆژی شەممەدا ئامادەی بۆنەیەک بێت لە باشووری نیکۆسیا بۆ یادکردنەوەی ئەوەی کە یۆنانییەکان بە " داگیرکارییە دڕندانەکەی تورکیا " ناوی دەبەن. بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە باشووری نیکۆسیا زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێدرا.
میتسۆتاکیس وێنەی نەخشەیەکی قوبرسی لە پەڕەکەی خۆی لە لینکیدین بڵاوکردەوە کە پەڵەی خوێنی لەسەربوو و لەسەری نوسیبوو " نیو سەدە دوای تراجیدیای نیشتیمانی قوبرس."
بەڵام لە باکووری نیکۆسیا خۆشحاڵی هەبوو.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا بۆ جەماوەرێک کە کۆببوونەوە بۆ سەیرکردنی نمایشەکە وتی "ئۆپەراسیۆنی ئاشتی قوبرس تورکەکانی قوبرسی ڕزگارکرد لە دڕندەیی و ئازادی بۆ هێنان." هەروەها ڕەخنەی لە باشوور گرت لەسەر ئەوەی " بیرکردنەوەیەکی تێکچوویان " هەیە و خۆیان بە تەنها فەرمانڕەوای قوبرس دەزانن.
گفتوگۆکانی ئاشتی چەقییان بەستووە لە نێوەندی دوو چەمکدا کە یەک ناگرنەوە – یۆنانییەکانی قوبرس یەکخستنەوەیان وەکو فیدراسیۆنێک دەوێت. تورکەکانی قوبرس چارەسەری دوو دەوڵەتییان دەوێت.
ئەردۆغان دەرفەتێکی هێشتەوە بۆ گفتوگۆکردن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وتی ئەو چارەسەرە فیدڕاڵییەی کە یۆنانییەکانی قوبرس پێشنیارییان کردووە و لەلایەن زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری لێکراوە، " ڕێی تێناچێت."
وتی " ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن، بۆ کۆبوونەوە، هەروەها بۆ خستنەوەی ئاشتییەکی درێژخایەن و چارەسەر لە قوبرس."
لە ساڵی 1960 دا قوبرس سەربەخۆیی لە بەڕیتانیا ڕاگەیاند، بەڵام بەڕێوبەرایەتییە هاوبەشەکەی نێوان تورکەکان و یۆنانییەکانی قوبرس بە خێرایی بەهۆی توندوتیژییەوە ڕووخا و تورکەکانی قوبرس کشانەوە بۆ کەرتەکان و ئەوەش بووە هۆی ڕەوانەکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەکە.
قەیرانەکە وایکرد یۆنانییەکانی قوبرس فەرمانڕەوایی کۆماری قوبرس بکەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە، قوبرس لە ساڵی 2004 ەوە ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپادا، هەروەها دەتوانێت ڕێگە لە ئارەزووە چەندین ساڵەییەکەی تورکیا بگرێت بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپاوە.
سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس کە ئۆفیسەکەی نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی یۆنانییەکانی قوبرس دەکات لە گفتوگۆکانی یەکخستنەوەدا، وتی ساڵیادەکە بۆنەیەکی ناخۆشی یادکردنەوەی مردووەکانە.
وتی " ئەرکی ئێمە ڕزگاریخوازی و یەکخستنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی قوبرسە. ئەگەر بەڕاستی بمانەوێت پەیامێک بنێرین لەم ساڵیادە تراجیدیایەدا، ئەوەیە کە هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ یەکخستنەوەی قوبرس."
وتیشی تورکیا بەرپرسە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی لەسەر قوبرس.
لە سەرانسەری باشووری قوبرسدا، کڵێساکان مەراسیمییان بەڕێوەبرد بۆ یادکردنەوەی زیاتر لە 3000 کەس کە لە هێرشەکەی تورکیادا کوژران.
لوکاس ئالیکساندرۆی تەمەن 90 ساڵ وتی " ئەوە ناپاکیکردن بوو لە قوبرس و منداڵی زۆر لە ناوچوون. تەنها کوڕەکەی من نەبوو، کوڕی زۆرێک تیاچوون." ئەمەش لە کاتێکدا کە چووە سەر گۆڕی کوڕەکەی لە گۆڕستانێکی سەربازیدا.
لە تورکیا، تەلەفیزۆنی دەوڵەت سەنگی خستەسەر توندوتیژییەکانی دژ بە تورکەکانی قوبرس لە پێش داگیرکارییەکەی تورکیاوە، بە تایبەتی خوێنڕشتنەکەی ساڵی 1953-64 و ساڵی 1967.
داگیرکارییەکەی تورکیا بووە هۆی گرتنی سێیەکی قوبرس و زیاتر لە 160,000 یۆنانی قوبرسی دەرکرد بۆ باشوور.
گفتوگۆکانی یەکخستنەوەش لە ساڵی 2017 دا چەقییان بەست و لەو کاتەوە ڕاگیراون. باکووری قوبرس تەنها لەلایەن تورکیاوە وەکو دەوڵەت دانیپێدانراوە، هەروەها سەرکردایەتییەکەشی کە تورکی قوبرسن دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییان دەوێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
لە 50 ساڵەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر قوبرس، ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و ئەنکەرە زیاتر دەردەکەون