Accessibility links

قوبڕس و یۆنان و فەڕەنسا و ئیتالیا پـێکەوە مانۆری لەشکری لە دەریای ناوەڕاست ئەنجام دەدەن


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە قوبڕس ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەشداری لەو مانۆرە لەشکریـیەدا کردبوو کە ڕۆژی چوارشەممە لە دەریای ناوەڕاستدا ئەنجام درا، ئەمەش لە کاتێکدا تورکیا جموجۆڵی لەشکری خۆی لەو ناوچەیەی دەریای ناوەڕاست زیاترکردووە.

باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" کەشتی Aconit ی فەڕەنسایی بەشداری لە مانۆڕێکی هاوبەش کردووە لەگەڵ قوبڕس و یۆنان و ئیتالیا."

هاوکات ئیزابێل دۆمۆنت باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ قوبڕس ئەمڕۆ لەگەڵ چارالامبۆس پـێتریدس وەزیری بەرگری قوبڕس کۆبووەوە.

وەزیری بەرگری قوبڕس لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی خۆشحاڵبووە بە میوانداریکردنی باڵیۆزی فەڕەنسا.دەشڵێت لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە سەر پەیوەندیـیە باشەکانی نێوان هەردوو وڵات وە هەروەها باسیان" لەو ڕێوشوێنە نایاسایـیانە کردووە کە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست دەیگرێتەبەر."

لە لایەکی دیکە، میسڕیش ڕایگەیاند مانۆڕێکی لەشکری لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەی ئەنجامداوە بە ناوی "حسم 2020 " بەپـێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی میسڕ لەو مانۆڕەدا هێزی دەریایی و ئاسمانی و پـیادە بەشداریـیان کردووە.

ئەم جموجۆڵە لەشکریـیانە لە کاتێکدا ناکۆکیـیەکان لە نێوان تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە لەسەر کێشەی لیبیا و گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستدا زیاتردەبن.

XS
SM
MD
LG