Accessibility links

ڕێکخراوی CPJ دەسـتگیرکردنی ڕۆژنامەوانان لە دهۆک سەرزەنشت دەکات


کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ ، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا سەرزەنشتی دەستگیرکردنی بە لایەنی کەم 8 ڕۆژنامەوانی کرد کە هەوڵیان دابوو خۆپـیشاندانەکەی ڕۆژی شەممەی شاری دهۆک ڕووماڵبکەن.

ڕێکخراوەکە شەوی دووشەممە ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت بەپـێی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەوانان، وە کۆمەڵەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق، وە لێدوانی عەبدولکەریم ئەحمەد بۆ CPJ کە بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی سپـێدەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، ڕۆژی 16 ی مانگی پـێنج، هێزی ئاسایشی کوردی لە شاری دهۆک بە لایەنی کەم 8 ڕۆژنامەوانی دەستگیرکرد کە بۆ میدیاکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاردەکەن.

ئازاد موختار کە پەیامنێرێکی کەناڵی سپـێدەیە و یەکێک بووە لە دەسـتگیرکراوەکان، دەڵێت هەر کە لە ئۆتۆمبیلەکەیان دابەزیبوون بۆ ڕووماڵکردنی خۆپـیشاندانەکە، یەکسەر هێزەکانی ئاسایش دەسـتیانگرتووە بەسەر کەلوپەلەکانیاندا و تۆمەتباریانکردوون بەوەی تێکدەر و ئاژاوەگێڕن.

ئازاد موختار لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ CPJ گوتوشیەتی" لە سەرەتادا تیمەکەی کەناڵی سپـێدەیان دەستگیرنەکرد، چاوەڕێمان دەکرد کەلوپەلەکانمان بدەنەوە، بەڵام دەسـتگیریانکردین و بردیانین بۆ بنکەی پـۆلیس و لە کاتژمێر 3:30 هەتا 9 ی شەو لەوێ هێڵراینەوە. داوایان لێکردین لەسەر شایەتی خۆمان واژوو بکەین، بەڵام نەمانکرد و داوامانکردن پارێزەری خۆمان ببینین بەر لەوەی هەر شتێک واژوو بکەین. هەوڵیان دا بمانترسێنن و گوتیان دەتوانن ناچارمان بکەن 10 شایەتی ئیمزابکەین بەبێ ئەوەی پارێزەری خۆمان ببینین. لە کۆتایـیدا واژوومانکرد و ئازادکراین و کەلوپەلەکانیان داینەوە."

عەبدولکەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی سپـێدە گوتی تیمی کەناڵەکەیان بەشداریـیان لە خۆپـیشاندانەکە نەکردبوو و تەنیا بۆ ڕووماڵکردن لەوێ بوون.

ڕەمەزان ئەرتیسی کە پارێزەری ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانەکانە بە CPJ گوتووە ڕۆژنامەوانەکان لەگەڵ مامۆستا و چالاکوانەکان برانە بەردەم دادگا بەپـێی ماددەی 11 ی لە یاسای تایبەت بە ڕێکخستنی خۆپـیشاندان. بەپـێی یاساکان دەبێت بەر لە هەر خۆپـیشاندانێک مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگیرێت.

گوتیشی ڕۆژنامەوانەکان بەپـێی یاسای ڕۆژنامەگەری کوردستان دادگایی نەکران و بە کەفالەتی 2 ملیۆن دیناری عێراقی ئازادکران. بەمە کەیسەکانیان کۆتایی پێ نایەت و دەبێت لە داهاتوودا ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا بن.

ڕێکخراوی CPJ دەڵێت ویستویەتی سەبارەت بەم دەسـتگیرکردنانە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە لێدوانی دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ڕاپـۆرتەکەیان وەڵامی نەبووە.

دیندار زێباری لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی" بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید- 19 پارێزگای دهۆک مۆڵەتی بە خۆپـیشاندانەکە نەداوە. هیچ کام لە خۆپـیشاندەران دەستکێشیان لەدەستدا نەبووە و ماسکیان نەبەستبوو، وە ڕێنمایـیەکانی لە دوریەکتر وەستانن پیادە نەکرابوون. بۆیە پـۆلیسی دهۆک ویستی بڵاوە بە خۆپـیشاندەران بکات، بەڵام خۆپـیشاندەران پابەند نەبوون."

ئیگناسیۆ مێگێل دێلگادۆ، نوێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ڕێکخراوی CPJ دەڵێت "جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق یاساکانیان بەکارهێنایەوە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕووماڵکردنی ئەو هەواڵانەی حکومەت ناڕەحەت دەکات."

داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد ئەو تۆمەتانە هەڵوەشێنێتەوە کە ئاڕاستەی چوار لە ڕۆژنامەوانەکان کراون. هەروەها داوایکردووە ڕێگە بە هەموو ڕۆژنامەوانان بدرێت بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت لە تۆڵەسەندنەوە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممە لە شاری دهۆک خۆپـیشاندانێک ئەنجام درا و هێزەکانی ئاسایش ژمارەیەک لە بەشداربووانیان دەستگیرکرد. خۆپـیشاندەران گوتیان داوای موچەی مانگانەی خۆیان دەکەن کە لە ئێستادا ناوەڕاستی مانگی پـێنجە و حکومەت هێشتا موچەی مانگی یەکی دابەش نەکردووە.

بەپێـی سەلام باڵایی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە دهۆک هەموو دەسـتگیرکراوەکان ئازادکراون و تەنیا کەسێک ماوەتەوە، ئەویش بەدەل بەرواری، چالاکوان و ڕێکخەری خۆپـیشاندانەکە کە بە تێکدەر تۆمەتبارکراوە.

XS
SM
MD
LG