Accessibility links

ڕێکخراوی CPJ ڕاگەیاندنێک لەبارەی زوبێر برادۆستی بڵاودەکاتەوە


ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ بنکە لە ئەمەریکا داوای لە هێزەکانی پـێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کردووە ئەو تۆمەتە ئاشکرا بکەن کە لەسەری ڕۆژنامەوان زوبێر برادۆستی دەستگیرکراوە یان ئازادی بکەن.

ڕێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکە، دەڵێت بەپـێی گروپی 17 ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و سۆران حسێن سەرنووسەری ڕۆژنیوز، ژمارەیەک پـێشمەرگەی هێزی هەڵگوردی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، زوبێر برادۆستیان بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتکردووە کە پەیامنێری ماڵپەڕی ڕۆژنیوزی لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستانە. پاشان دەستگیریانکردووە و بەرەو شارۆچکەی مەسیفی نزیک شاری هەولێریان بردووە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتێکی خاوەن کارەکەی، هێزەکانی ئاسایش هیچ تۆمەتێکیان لە دژی برادۆستی ڕانەگەیاندووە و هەروەها ڕێگەیان بە خێزانەکەی نەداوە پەیوەندی پـێوە بکات.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ڕێکخراوەکە گوتویەتی"بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەوانێک و دەسـتگیرکردنی بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی باسبکرێت شتێکی زۆر باوە لە نێو سیستەمە دیکتاتۆریـیەکان وەک لەوەی لە نێو سیستەمە دیموکراتیـیەکاندا هەیە، ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد پـێیانخۆشە بەوە ناودێربکرێن."

ڕێکخراوەکە لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان پارتی کرێکارانی کوردستان کۆمەڵێکی چەکدار و پارتێکی سیاسی چالاکە لە ناو تورکیا و عێراق و سوریا و لە ساڵی 1984 وە شەڕی تورکیا دەکات و لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی ئەمەریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەدایە.

پاشان باس لەوە دەکات سۆران حسێن بە CPJ گوتووە ڕۆژنیوز پەیوەندی بە جەنەڕاڵ بەهرام عەلی یاسین فەرماندەی هێزی هەڵگورد کردووە بە مەبەستی هەواڵپرسینی زوبێر برادۆستی، بەڵام ئەو نکۆڵی کردووە لەوەی هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی کەیسەکەوە هەبێت. گوتیشی لەوەتای زوبێر دەسـتگیرکراوە نەبراوەتە بەردەم دادگا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی ئەمساڵدا زوبێر دەستگیربکرێت وە پـێی وایە دەسـتگیرکردنەکەشی پەیوەندی بە کارەکەیەتی وەک ڕۆژنامەوانێک لە ناوچەی برادۆست.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەپـێی ڕۆژنیوز، زوبێر لە 17 ی مانگی سێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا کە ئەوانیش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، ئەمەش پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرت لە بارەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی تورکیا لە ناوچەکە. بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بە کەفالەت ئازادکراوە.

ڕێکخراوی CPJ دەڵێت ئیمەیڵی کردووە بۆ دیندار زێباری کە گوتەبێژێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندنە وەڵامی نەبووە.

XS
SM
MD
LG