Accessibility links

ڕێکخراوی CPJ داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوانێک دەکات کە لەسەر نووسینی وتارێک لە دژی سەرۆکی عێراق دەستگیرکراوە


ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد دەستبەجێ ڕۆژنامەوان بەهرۆز جەعفەر ئازادبکەن و هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون لاببرێن.

ڕێکخراوەکە دوێنێ چوارشەممە ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا داواشی کرد لە هەرێمی کوردستان ڕێگە بە ڕۆژنامەوانان بدرێت ڕووماڵی هەواڵەکان بکەن و ڕەخنە لە سیاسیـیەکان بگرن بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت دەستگیربکرێن یان ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان بگیرێتەبەر.

بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان و ڕاگەیاندنی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بەهرۆز جەعفەر لەلایەن پـۆلیسەوە لە شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و براوە بۆ بنکەی پـۆلیسی ئەزمەڕ لەسەر نووسینی وتارێک لە ماڵپەڕی پەیسەر پـرێس.

بەپـێی سەنتەری میترۆ، بەهرۆز جەعفەر بە ناو زڕاندن تۆمەتبارکراوە، وە ئەگەر بەپـێی ماددەی 433 ی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی‌بکرێت، ئەوا ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای زیندانی هەتا یەک ساڵ ببێتەوە و سزای دارایی بدرێت کە دەگاتە 100 دینار (نزیکەی 8 سەنتی ئەمەریکایی).

ڕێکخراوەکە لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتەکان دەستگیرکردنی بەهرۆز جەعفەر لەسەر سکاڵای پارێزەری بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق بووە لە پاش نووسینی ئەو وتارە.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا گوتی " دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق سنگ فراوانتربن و وازبێنن لە پەنابردنە بەر یاسای تاوان بۆ دەمکوتکردنی ڕۆژنامەوانان و ڕێگەگرتن لە ڕاپـۆرتی ڕەخنەئامێز."

گوتیشی "دەبێت سەرۆکی عێراق دەستبەجێ سکاڵاکە لە دژی ڕۆژنامەوان بەهرۆز جەعفەر بکشێنێتەوە، وە لەسەر دەسەڵاتدارانی خۆجێـیە بەبێ هیچ مەرجێک ئازادی بکەن."

لە 29 ی مانگی هەشت، بەهرۆز جەعفەر وتارێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی" تا کەی سەرۆک کۆمار ڕۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟"، تیایدا ڕەخنەی لە بەرهەم ساڵح گرت بەوەی وەک دەڵێت شکستی هێناوە لە پـشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر خاک و نەوت و بوجە.

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە کەناڵی ڕووداوی گوتووە، بەهرۆز جەعفەر ئەندامی سەندیکایە و بەپـێی یاسا ئەگەر بە کەفالەت ئازادنەکرێت، پـێویستە بە دەستگیرکراوی بمێنێتەوە هەتا ڕۆژی دادگایـیکردنەکەی کە بڕیارە لە 30 ی مانگی نۆ بەڕێوەبچێت.

ڕێکخراوەکە لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەی نووسیویەتی، ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆکی عێراق دەستبەجێ وەڵامی نامەکەی لەم بارەیەوە نەداوەتەوە. هەروەها دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەویش دەستبەجێ وەڵامی نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG