Accessibility links

CPJ: چین جێگەی تورکیای گرتووەتەوە وەک گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەنووسان


کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی بەندکراو لە جیهاندا لە ساڵی 2021 زیادیکردووە بە بەراورد بە ساڵی پار.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێدا لە کاتێکدا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 نزیک دەبینەوە، 293 ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا لە بەندینخانەدان، ئەمەش سیانزە ڕۆژنامەنووس زیاترە لە ژمارەی ئەوانەی ساڵی پار کە لە بەندینخانەدا بوون.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت چین جێگەی تورکیای گرتووەتەوە وەک گەورەترین بەندینخانەی ڕۆژنامەنووسان. ئەمساڵ تورکیا، شەشەم گەورەترین بەندکەری ڕاگەیاندنکاران بووە لە جیهاندا. ڕاپۆرتەکە دەڵێت هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تورکیا ساڵی پار 20 ڕۆژنامەنووسی ئازادکرد. هێشتا لانی کەم 18 ڕۆژنامەنووس لە بەندینخانەکانی تورکیادان.

سەرەڕای ئەم گۆرانکارییانە، ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوە ئەمریکییەکە دەڵێت، "ساویلکەیی دەبێت کەمبوونەوەی ژمارەی بەندکراوان لە تورکیا وەکو بەڵگەیەک لێی بڕوانین بۆ گۆڕانکاری لە هەڵوێستیدا بەرامبەر ڕۆژنامەگەری... سەرکوتکردن لەلایەن تورکیاوە لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 بۆتە هۆی لەناوچوونی میدیای ئاسایی لە وڵاتەکە و وای لە زۆر ڕۆژنامەنووس کردووە واز لە کارەکانیان بهێنن."

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەمساڵ لانی کەم 24 ڕۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە لە جیهان کوژراون.

XS
SM
MD
LG