Accessibility links

کاردانەوەی جیهان لەسەر کوژرانی بەغدادی


لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکادا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕابەری ڕێکخراوی داعش ئەبوبەکر بەغدادی کوژراوە.

ئەمەریکا:

کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی " ناکرێت چاومان لەسەر ئامانجەکە لابدەین. ڕێكخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر گەلی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان و دەبێت بەردەوام بین لە فشارەکانمان تاوەکو ڕێگە نەدەین ڕێكخراوی داعش خۆی کۆبکاتەوە یاخود دووبارە هەڕەشە لە ئەمەریکا بکاتەوە."

سیناتۆری کۆمارییەکان لینزی گراهام لە کۆشکی سپی وتی " ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆک وتی دووبارە جەخت لەوە دەکاتەو کە هەمیشە من دەیڵێم، کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ڕێکخراوی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەبێت بزانن کە ئێمە لە هەر کوێیەکن بەدواتانەوەین و بە هەرشێوەیەک بێت وڵاتەکەمان و شێوازی ژیانمان دەپارێزین."

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی کە ڕەخنەی لە سەرۆک ترامپ گرت سەبارەت بەوەی کۆنگرێسی ئاگادار نەکردۆتەوە لە هێرشەکە وتی " کوژارانی بەغدادی شتێکی گرنگە. بەڵام کوژرانی ئەو مانای کوژرانی ڕێكخراوی داعش نیە. هێشتا دەیان چەکداری داعش لەژێر بارودۆخی نادیاردا لە زیندانەکانی سوریا دەستەبەسەر کراون سەرەڕای ئەوانەی کە لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهاندا هیچ فشارێکیان لەسەر نیە و سوورن لەسەر بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی."

عێراق:

حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کوژرانی بەغدادی وتی " دوای چاودێریکردنێکی بەردەوام و پێکهێنانی تیمێکی کاری تایبەت و کارکردن بە درێژایی ساڵێک، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق بەپێی کۆمەڵێک زانیاری ورد توانی ئەو شوێنە بدۆزێتەوە کە سەری داعش تاوانبار ئەبوبەکر بەغدادی ئەوانەشی لەگەڵیدا بوون خۆیان تیادا دەشاردەوە، لە پارێزگای ئیدلبی سوریا."

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت دواتر هێزەکانی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراقدا ئەرکی لەناوبردنی تیرۆریست بەغدادییان جێبەجێ کرد.

ئێران:

لەلای خۆیەوە ئێران وتی مردنی ڕابەری ڕێکخراوی داعش ئەبوبەکر بەغدادی مانای کۆتای هاتنی ڕێکخراوی داعش و فیکرەکەیان نیە.

وەزیری ڕاگەیاندنی ئێران محەمەد جەواد ئازەری لە تویتەر نوسیویەتی " کوژرانی بەغدادی شتێکی گرنگ نیە. ئێوە تەنها دروستکراوەکەی خۆتان کوشتووە."

وتەبێژی حکومەتی ئێران عەلی ڕوبەیعی وتی " کوژرانی بەغدادی کۆتای بە داعش یاخود فیکرەکەیان ناهێنێت کە بە یارمەتی هێزەکانی ناوچەکە پەرەی سەند و گەشەی کرد."

ڕوسیا:

جەنەڕاڵی ڕوسی ئیگۆر کۆناشینکۆڤ بە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ڕوسیای وت " وەزارەتی بەرگری ڕوسیا زانیاری باوەڕپێکراوی لانیە سەبارەت بەو هێرشەی ئەمەریکا ئەنجامیداوە بۆ ( دووبارە ) لەناوبردنی ڕابەری ڕێکخراوی داعش ئەبوبەکر بەغدادی."

فەڕەنسا:

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە تویتەر نوسیویەتی " کوژرانی بەغدادی لێدانێکی بەهێزە لە ڕێکخراوی داعش بەڵام تەنها قۆناغێکە. جەنگ بەردەوامە بە هاریکاری لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە. ئەمە ئەرکی سەرەکیمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس باڕلی وتی " کوژرانی بەغدادی خانەنشینکردنێکی زووە بۆ ئەو بەڵام نەک بۆ ڕێکخراوەکەی. پیرۆزبایی لە ئەمەریکا دەکەین لەسەر ئەم ئەرکە. ئەمڕۆ دڵم لەگەڵ هەموو ئەوانەدایە کە بوونە قوربانی شێتییەکەی بەغدادی و ئەو تاوانبارانەی کە شوێنی کەوتوون."

بەڕیتانیا :

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی " کوژرانی بەغدادی ساتێکی گرنگە لە جەنگماندا دژی تیرۆر بەڵام شەڕ دژی خراپەکارییەکانی داعش هێشتا تەواو نەبووە. لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کاردەکەین بۆ دانانی سنوورێکی کۆتایی بۆ کوشتاری و کردەوە خراپەکانی داعش."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب وتی " دوای کوژرانی بەغدادی دەبێت ڕێگە نەدەین داعش ئەو کەسانە بەرز بنرخێنێت کە کاری تاوان و نامرۆیی و خراپ دەکەن. بەڕیتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش."

ئیسڕائیل:

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرۆک ترامپ بکەم لەسەر ئەم ئەرکە گەورەیە کە بووە هۆی کوژرانی ڕابەری ڕێکخراوی داعش بەغدادی. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەرکە هاوبەشەکانی نێوان ئێمە و ئەمەریکا و هەموو ئەو وڵاتانەیە کە دژ بە ڕێکخراو وگروپ و وڵاتە تیرۆریستییەکان دەجەنگن. ئەم دەستکەوتە بەردی بناغەی گۆشەیەکی گرنگە بەڵام ئەرکەکە هێشتا لەبەردەمماندا بەردەوامە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG