Accessibility links

بۆ یەکەم جار لە لوبنان بەپـێی یاسایەکی نوێ کەسانی پلەدار بە گەندەڵی تۆمەتباردەکرێن


خۆپـشاندانی لوبنانیـیەکان لە دژی گەندەڵی لە وڵاتەکەیاندا، بەیرووت 25 ی مانگی شەشی 2020
خۆپـشاندانی لوبنانیـیەکان لە دژی گەندەڵی لە وڵاتەکەیاندا، بەیرووت 25 ی مانگی شەشی 2020

فەرماندەی پـێشووی لەشکری لوبنان و 7 ئەفسەری دیکەی باڵای پـێشووی لەشکری بە گەندەڵی تۆمەتبارکراون بەپـێی یاسای نوێی ناشراوە بە "دەوڵەمەندبوون بە شێوەیەکی نایاسایی"، ئەمەش یەکەم جارە کەسانی پـلەدار لە لوبنان بەم یاسایە تۆمەتباربکرێن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی لوبنان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند دادوەر فادی عەقیقی لە دادگای لەشکری لێکۆڵینەوەی کردووە سەبارەت بە موڵک و سامان و کۆمپانیای ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی باڵا و گومان لەسەر ژمارەیەکیان دروستبووە بەوەی هەیانە لەگەڵ موچە و ئەو پارانە ناگونجێن کە بە شێوەیەکی یاسایی دەستیان کەوتووە.

ئاژانسەکە گوتیشی داواکاری گشتی بەیرووت زیاد ئەبو حەیدەر سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە لە دژی لیوا جان قەهوەچی فەرماندەی پـێشووی لەشکر لە نێوان ساڵانی 2008 هەتا 2017 و هەروەها 7 ئەفسەری دیکە. بڕیارە لە 9 ی ئەم مانگە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی بەیرووت شربل ئەبو سەمرا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

سەرچاوەیەک لە دادوەری لوبنان بە ئاژانسی فڕانس پـرێسی گوتووە حەوت ئەفسەرەکەی دیکە بریتین لە لیوا عەبدولڕەحمان شحیتلی و عەمید محەمەد جەعفەر ئەلحوسەینی بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی جەنەڕاڵ جان قەهوەچی و عەمید کەمیل زاهر و عەمید ئەدمۆن فازڵ هەردوو بەڕێوەبەری پـێشووی دەزگای هەواڵگری لوبنان و عەمید جۆرج خەمیس بەڕێوەبەری پـێشووی هەواڵگری بەیرووت و عەمید عامر ئەلحەسەن بەڕێوەبەری پـێشووی هەواڵگری باکور و موقەدەم ئەحمەد ئەلجەمەل ئەفسەرێکی ئاسایشی گشتی.

لەوەتای یاسای دەوڵەمەندبوون بە شێوەیەکی نایاسایی (الإثراء الغير مشروع) لە کۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵەوە لە پەرلەمانی لوبنان پەسەندکرا، ئەمە یەکەم جارە بەپـێی ئەم یاسایە کەسانی پلەدار و دەست‌ڕۆیشتوو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لوبنان ماوەیەکی درێژە دووچاری قەیرانی ئابوری بووەتەوە و خەڵکەکەی هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ بوونی گەندەڵی لە وڵاتەکەیاندا.

XS
SM
MD
LG