Accessibility links

دەزگای دەستپاکی عێراق: بڕیاری زیندانیکردن بۆ وەزیری بازرگانی پـێشووی دەرچووە


دەزگای دەستپاکی عێراق (هيئة النزاهة) ئاشکرایکرد بڕیاری زیندانیکردن دەرچووە بۆ وەزیری بازرگانی پـێشوو و 2 بەڕێوبەری پـێشووی وەزارەتی بازرگانی، ئەمەش بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە سەروەت و سامانی گشتی بە مەبەست و سەرپـێچیکردن لە دوو گرێبەستی وەزارەتەکە.

دەزگاکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایگەیاند هەرسێ تاوانبار هەڵهاتوون و دادگا بەبێ ئامادەبوونیان بڕیارەکەی داوە بەپـێی ماددەی 340 لە یاساکانی سزادانی عێراق کە هەریەکەیان بۆ ماوەی 7 ساڵ زیندانیبکرێن و دەستبگیرێت بەسەر سەروەت و سامانیان.

بەپـێی دەزگای دەستپاکی بە بەهای 14 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار زیانیان بە دەوڵەت گەیاندووە لە ڕێگەی دوو گرێبەستەوە کە یەکێکیان بۆ دابینکردنی برنج بووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەیەک لە دەزگای دەستپاکی گوتویەتی وەزیرەکە مەلاس عەبدولکەریم کەسنەزانە، ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری پـێشوو لە کۆتایی ساڵی 2015 لە پـۆستەکەی لایدا و پاشان بەرەو سلێمانی ڕۆیشتبوو و لەوێشەوە بەرەو ئوردن هەڵهاتووە کە لەوێ بنەماڵەکەی کاری بازرگانی دەکەن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ناوبراو کاریکردووە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا کە براکانی بەڕێوەی دەبەن.

فڕانس پـرێس باس لەوەش دەکات لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکاندا مەلاس و هەردوو براکەی غاندی و نەهرۆ دەسـتگیرکرابوون بە تۆمەتی تەزویرکردنی واژوی سەدام حسێن، بەڵام دواتر ئازادکران و بەرەو سلێمانی هەڵهاتبوون.

جێی ئاماژەیە ئەمە دووەم وەزیری بازرگانی عێراقە بە تاوانی گەندەڵی بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەربچێت. پـێشتر فەلاح ئەلسودانی سەر بە پارتی دەعوە حوکمی 21 ساڵ زیندانی درا. دواتر لەسەر داوای عێراق پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپـول) لە مانگی نۆ لە بەیرووت دەسـتگیریکرد و ڕادەستی عێراقی کردەوە.

XS
SM
MD
LG