ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە چین گەیشتە 490 کەس و دوو کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی ئەمەریکی گەشتەکانیان بۆ هۆنگ کۆنگ ڕاگرت دوای ئەوەی یەکەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە هۆنگ کۆنگ تۆمارکرا و ژاپۆنیش دەستی بەسەر کەشتیەکی گەشتیاریدا گرتووە، دوای ئەوەی زانراوە 10 حاڵەتی توشبووی بە ڤایرۆسەکە تێدایە.
لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە 65 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لەسەر خاکی چین گەیشتە 490 کەس و زۆربەیان لە شاری وهان و دەوروبەری بوون.
دوو کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان لە هۆنگ کۆنگ کە نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدا بووە و سەردانی وهانی کردووە، ئەوی دیکەشیان هەفتەی ڕابردوو بوو لە فیلیپین گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی بە هەمان شێوە سەردانی وهانی کردبوو.
لە ناو چیندا 3887 کەسی دیکە توشی ڤایرۆسەکە بوو، بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان گەیشتە 24324 کەس.
هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکان ئێرلاینز و یونایتد ئێرلاینز گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ هۆنگ کۆنگ ڕاگرت تاوەکو دوای کۆتایی ئەم هەفتەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز