ئیمارات و چەند ڕێکخراوێکی خێرخوازی ڕۆژی یەکشەممە لە بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوادا 777 ملیۆن دۆلارییان پێشکەش کرد بۆ لە ناوبردنی ئەو نەخۆشییە گواستراوانەی کە لە ناوچە گەرم و شێدارەکاندا دروست دەبن و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا خراپتر ببن.
سەرۆکی بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوا سوڵتان ئەحمەد ئەل جابر لە بەیاننامەیەکدا وتی " فاکتەرەکانی پەیوەست بە کەش و هەواوە لە سەدەی 21 دا بوونەتە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ."
ڕۆژی یەکشەممە کۆنفرانسەکە زیاتر سەنگی خستە سەر ئەو مەترسییانەی سەر تەندروستی کە پەیوەندییان بە کەش و هەواوە هەیە، ئیماڕات 100 ملیۆن دۆلاری بەخشی و ڕێکخراوی بیڵ و مێلیندا گەیتسیش 100 ملیۆن دۆلاری دیکەیان بەخشی.
ئەوانی دیکەش کە بڕیارە پارە بۆ ئەو کێشە تەندروستییانە تەرخان بکەن کە بەهۆی کەش و هەواوە دروست دەبن بریتین لە بەلجیکا و ئەڵمانیا و دەزگای ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
بانکی جیهان پڕۆگرامێکی دەستپێکرد بۆ تاوتوێکردنی ڕێوشوێنەکان بۆ پشتیوانیکردن لە تەندروستی گشتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، کە نەخۆشییەکان بەهۆی کەش و هەواوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان.
ئەو نەخۆشییانەی کە لە ناوچە گەرم و شێدارەکاندا بڵاون خراپتر دەبن لە کاتێکدا کە جیهان گەرم دەبێت، لەگەڵ ئەو نەخۆشییانەی دیکەشدا کە بەهۆی کەش و هەواوە دروست دەبن، لەوانەش بەدخۆراکی و مەلاریا و سکچوون و فشاری گەرمی.
زیاتر لە 120 وڵات ڕاگەیاندنێکی بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکانییان واژۆ کردووە و دانییان ناوە بە بەرپرسیارێتییەکانیاندا بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە نێوەندی گەرمبوونی گۆی زەویدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
28هەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوا 777 ملیۆن دۆلار کۆدەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لە ناوچە گەرمەکانی جیهان بڵاودەبنەوە
