Accessibility links

کەسێک لەسەر تاوانی کوشتن بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە دەبێتە پەرلەمانتار


کەسێکی سیاسی لە سریلانکا کە لەسەر تاوانی کوشتن بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، ئەمڕۆ سێشەممە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد وەک ئەندامێکی نوێی پەرلەمان.

پـرەیمالال جایاسیکارای تەمەن 45 ساڵ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 5 ی مانگی هەشت سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر لەلایەن دادگایەکی وڵاتەکەی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بە تاوانی کوشتنی نەیارێکی سیاسی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015.

پەرلەمانی نوێی سریلانکا لە 20 مانگی هەشت یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دا و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی خۆیان خوارد، بەڵام پـرەیمالال جایاسیکارا لەلایەن بەرپـرسانی بەندیخانەوە ڕێگەی پـێنەدرا ئامادەی دانیشتنەکە بێت، بۆیە ئەویش سکاڵای لە لای دادگای پـیاداچوونەوە تۆمارکرد و دادگاش بڕیاری دا ڕێگەی پـێبدرێت وەک ئەندامی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی خۆی بخوات.

ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ئەم کارە دەربڕی و هەندێکیان وەک ڕەتکردنەوەی ئەم سوێندخواردنە شاڵی ڕەنگ ڕەشیان بەسەر ملیانەوە پـۆشی و هەندێکیشیان هۆڵی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان جێهێشت.

پـرەیمالال جایاسیکارا لە پاش سوێندخواردنەکەی بەرەوە بەندیخانە برایەوە.

جێی ئاماژەیە لەوەتای ساڵی 1976 وە هەتا ئێستا کەس لەو وڵاتە لەسێدارە نەدراوە.

XS
SM
MD
LG