Accessibility links

کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا دژایەتی فرۆشتنی چەک دەکەن بە سعودیە و ئیماڕات


ئەندامانی سەر بە کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دژایەتی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان کرد بۆ فرۆشتنی چەک بە سعودیە و ئیماڕات بەبڕی 8ملیار دۆلار.

چەند مانگێکە ئەندامانی کۆنگرێس فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازییان بە سعودیە و ئیماڕات ڕاگرتووە بەهۆی توڕەبوونیان لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە یەمەن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، لەوانەش کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ فشار دەخاتە سەر ڕیاز تاوەکو بەرپرسانی کوژرانی خاشقچی سزا بدات.

باڵاترین ئەندامی کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مکۆڵ لەمیانەی دانیشتنێکدا وتی " پشتیوانی لە هەوڵەکانی سعودیە دەکەم بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دژ بە ئێران، بەڵام بەکار‌هێنانی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەمدواییانەدا جێی داخە."

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ لە 24ی مانگی پێنجدا بە لیژنەکانی کۆنگرێسی ڕاگەیاند 22 گرێبەستی سەربازیی بە بڕی 8 ملیار دۆلار لەگەڵ سعودیە و ئیماڕات و ئەردەندا واژۆ دەکات، ئەمەش بەبیانووی ڕاگەیاندنی باری نائاساییەوە بەهۆی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا، ئەم ڕاگەیاندنەش بۆ ئەوەیە تاوەکو لیژنەکانی کۆنگرێس پێداچوونەوە بە فرۆشی چەکە گەورەکاندا نەکەنەوە.

لەمدواییانەدا دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن زیادیانکرد.

ئەمەریکا ڕایگەیاند 1500 سەربازیی دیکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە لە هەنگاوێکدا کە وەکو بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن بۆ توندکردنەوەی بەرگرییەکانە دژی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وتی " چالاکییە خراپەکانی ئێران هەڕەشەیەکی سەرەکیە بۆ ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی ئەمەریکا لە ناوەوە و دەرەوەدا."

ئەندامانی دیموکراتەکانی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕاگەیاندنی باری نائاساییان بە ساختە ناوبرد.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی و سەربازیی، کلارک کوپەر، بەرگری لە هەڵوێستەکەی ئەمەریکا کرد و وتی " ئەمە بارێکی نائاساییە. ئەم ڕووداوە یەکجار ڕوودەدات."

کوپەر وتی " ئەم ڕووداوە یەکجار ڕوودەدات لەژێر بارودۆخێکی دیاریکراودا، ئەمە پێنجەمین جارە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بەکاردەهێنرێت بۆ فرۆشتنی چەک."

وتیشی لە دوای ڕاگەیاندنی باری نائاساییەوە هەندێک لە چەکەکان ڕەوانە کراون.

وتی " هیچ شتێکی نوێ لەم 22 گرێبەستەدا نیە." ڕوونی کردەوە کە کۆنگرێس ئاگادارکراوەتەوە سەبارەت بەم فرۆشتنانە بەڵام بە پڕۆسەی پێداچوونەوەدا نەڕۆشتووە.

ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەر 22 گرێبەستەکەیان ڕەت کردەوە، ئامانج لەم بڕیارەی ئەنجومەنی سیناتیش ئەوەیە کە ڕۆڵی کۆنگرێس لە پەسەندکردنی فرۆشی چەکدا بە حکومەتە بیانییەکان بپارێزن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG