Accessibility links

بەهۆی لافاوەوە لە کۆنگۆ نزیکەی 200 کەس گیانیان لە دەستداوە


بەرپرسێکی کۆنگۆ دەڵێت بەهۆی لافاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە لانیکەم 176 کەس گیانیان لە دەستداوە، لە کاتێکدا کە باران بارینە بەخوڕەکە بیناکانی ڕووخاندووە و کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکانی ناچار کردووە تەرمەکان کە بە قوڕ داپۆشراون کەڵەک بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی باران بارینێکی زۆرەوە لە ناوچەکی کالیهی لە باشووری هەرێمی کیڤو بووە ئاوی ڕووبارەکان زیادیکرد و لافاوی لە گوندەکانی بوشوشو و نیاموکوبی دروست کرد.

فەرمانڕەوای هەرێمی باشووری کیڤو تیۆ نوابیدجی وتی 176 کەس گیانیان لە دەستداوە و هێشتا خەڵکانێکی دیکە بێسەروشوێنن. ئەندامێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، کاسۆلی مارتن، وتی تەرمی 227 کەس دۆزراونەتەوە.

مارتن وتی " خەڵکەکە لە دەرەوە دەخەون، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان ئاو بردوونی."

ڕۆژی هەینی ڕزگاربووان لە دەرەوەی کوخێکی داردا وەستابوون کە لەوێدا کارمەندانی خاچی سوور تەرمەکانییان لەسەر یەکتر دادەنا. پەیامنێرێکی ڕۆیتەرز 72 تەرمی بژاردووە.

ڕۆبەرت ماسامبا کە پزیشکێکی نەخۆشخانەی سەرەکی ناوچەی کالیهییە، وتی ڕزگاربووە بریندارەکان لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە بەردەوام دەگوازرێنەوە بۆ ئێرە.

وتی " خۆم و تیمەکەم نەخەوتووین. 56 نەخۆشمان وەرگرتووە، لە سەدا 80 ی نەخۆشەکان شکاوییان هەیە."

لافاو و خلیسکانی زەوی لە باشووری کیڤو شتێک نین باو نەبن، کە سنووری بە ڕوانداوەیە. لەم هەفتەیەدا لافاو و خلیسکانی زەوی لە ڕواندا ڕوویدا و بووە هۆی گیان لە دەستدانی 130 کەس و زیاتر لە 5000 ماڵیشی لە ناوبرد.

دوایین جار ئەو ڕووداوە لە کۆنگۆ ڕوویدابێت لە مانگی 10 ی ساڵی 2014 دا بوو کە باران بارینێکی زۆر بووە هۆی ڕووخانی زیاتر لە 700 ماڵ و نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتەدا وتی زیاتر لە 130 کەس بێسەروشوێن بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG