Accessibility links

بەڕێوەبەری گەورەترین بانکی ئوسترالیا دەستبەرداری کارەکەی دەبێت بەهۆی تۆمەتی پـێشـێلکردنی یاساکان


بانکی کۆمۆنوێڵث کە گەورەترین بانکی ئوسترالیایە دەڵێت بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکەکەی دەستبەرداری کارەکەی دەبێت و خۆی خانەنشین دەکات، ئەمەش لە ژێر فشاری دەزگاکانی چاودێر و سەرپەرشتی کاری بانکەکان پاش ئەوەی تۆمەتبارکران بە پـێشێلکردنی یاساکانی دانراون بۆ ڕێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆمەککردنی تێرۆرزم.

کاثرین لیڤینگ‌ستۆن سەرۆکی بانکەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی ئیان نارێڤ لە کۆتایی بەرنامەی دارایی ساڵی 2018 واز لە پـۆستەکەی دەهێنێت.

لە هەفتەی ڕابردووەوە داوا لە ئیان نارێڤ دەکرێت دەسـتبەرداری کارەکەی ببێت، پاش ئەوەی دەزگای هەواڵگری ئوسترالیا بۆ کاروباری دارایی AUSTRAC کەوتە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بانکی کۆمۆنوێڵث بە تۆمەتی وەک دەڵێن بە شێوەیەکی ترسناک و بە بەرنامە زیاتر لە 53 هەزار جار سەرپـێچی لە یاساکان کردووە.

ئیان نارێڤی تەمەن 50 ساڵ پـێشتر گوتی لە کارەکەی دەمێنێتەوە، بەڵام خانم کاثرین لیڤینگ‌ستۆن گوتی بانکەکەیان دەیەوێت کۆتایی بەو قسانە بهێنێت کە لە بارەی ئایندەی ئیان نارێڤ دەکرێن و لە ئێستادا لەسەر هەموو ئاستەکان کاردەکرێت بۆ دەسـتنیشانکردنی ئەوەی شوێنی دەگرێتەوە.

دەزگای هەواڵگری دارایی ئوسترالیا دەڵێت بانکەکە لە مانگی یازدەی ساڵی 2012 وە هەتا مانگی نۆی ساڵی 2015 زانیاری نەداوە لە بارەی 53506 حاڵەت کە تیایاندا 10 هەزار دۆلاری ئوسترالی یان زیاتر لە ئامێرە بانکیـیەکانی شوێنە گشتیەکان دەرهێنراون. دەشڵێت کۆی پارەکانی بەو شێوەیە دەرهێنراون بـڕەکەی دەگاتە 624.7 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی.

هەروەها دەزگاکە دەڵێت چەندان جار پارە بە شێوەیەکی گوماناوی حەواڵەکراون بەبێ ئەوەی بانکەکە لە کاتی گونجاودا زانیاریان لەسەر بدات و تەنانەت حاڵەت هەن هەر زانیاریشی لەسەر نەداون. کۆی ئەم پارانەش دەگاتە 77 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی. دەشڵێت هەروەها بانکەکە چاودێری نەکردووە تاوەکو بزانێت پارە بە ئامانجی سپـیکردنەوەی پارە حەواڵەکراون یان نا.

بەپـێی یاساکانی ئوسترالی بۆ هەر سەرپـێچیەک لەو یاسایانە دەبێت بانکەکە وەک سزایەک 18 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی بە حکومەت بدات، بەمەش ڕەنگە بانکەکە ملیاران دۆلاری بێتەسەر.

XS
SM
MD
LG