حکومەتی کۆڵۆمبیا وتی هێرشەکەی ئەمدواییەی سەر هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی وڵاتەکە ئیڤان دوک لە ڤەنزوێلاوە و لەلایەن یاخیبووانی هێزە چەکدارییە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا و ئەفسەرێکی پێشووی سوپاوە پلانی بۆ داڕێژراوە.
وەزیری بەرگری کۆڵۆمبیا دیێگۆ مۆلانۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت سێ کەس لە گومانلێکراوەکان دەستگیرکراون، وتیشی " ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەم هێرشەی دژی سەرۆک لە ڤەنزوێلاوە پلانی بۆ داڕێژراوە."
لە 25 ی مانگی شەشدا هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە فڕۆکەخانەی کوکوتا نزیک دەبۆوە کاتێک چەند فیشەکێکی ئاڕاستەکرا.
لەو هێرشەدا هیچ کام لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بریندار نەبوون، بەڵام لە وێنەیەکدا کە ئۆفیسی سەرۆکایەتی بڵاویکردەوە دەریدەخات دواوەی هێلیکۆپتەرەکە و لاشەکەی لێی دراوە.
دادوەری گشتی کۆڵۆمبیا فرانچیسکۆ باربۆسا وتی " یەکێک لەوانەی کە بەهۆی هێرشەکەوە دەستگیرکراوە ئاندرێس فێرناندۆ مێدینایە، نەقیبێکی خانەنشینکراوی سوپای کۆڵۆمبیایە و پلانی هێرشەکە و جێبەجێکردنی داڕشتووە."
لێکۆڵەرەوەکانیش وتیان دوو چەکی AK-47 ی سوپای ڤەنزوێلا لە نزیک شوێنی هێرشەکەوە دۆزراونەتەوە.
جێی ئاماژەیە 10 ڕۆژ لەوەوبەر لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە هەمان ناوچەدا 44 کەس برینداربوون.
باربۆسا وتی " یاخیبووانی یەکەی 33 ی هێزە چەکدارییە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا لە پشت ئەم دوو هێرشەوە بوون."
حەوت کەسی دیکە بەهۆی تێوەگلانیانەوە لە هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەدا دەستگیرکراون، هەروەها سەرجەم دەستگیردنەکانیش لە ناوچەیەکی سنووری نێوان کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا بوون.
ڕۆژی پێنجشەممە مۆلانۆ " ڕژێمەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆریستان."
سەرچاوە/ فرانس پرێس