Accessibility links

ڕێکخراوی HRW: لە "ناوچەی ئارامی" باکوری سوریا تاوان ئەنجام دەدرێت


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت گروپەکانی ناسراو بە "الجيش الوطني السوري" ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، لەوانە گولـلەبارانکردنی خەڵکی سیڤیل و بێ سەروشوێنکردنی کارمەندانی فریاگوزاری.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەم بارەیەوە ڕاپـۆرتێکی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی ئەم گروپە چەکدارانە جگە لەو تاوانانە، ناهێڵن خێزانە کوردەکانی ئاوارەبوون بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان و لەگەڵ ئەوەشدا موڵک و ماڵیان تاڵانکردوون و بە شێوەیەکی نایاسایی داگیریانکردوون.

سارا لیا ویتسن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی HRW دەڵێت" ئیعدامکردن و بە تاڵانبردنی موڵک و ماڵی خەڵکی و ڕێگەگرتن لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن کە ئەو ناوچەیەی تورکیا پـێشنیار دەکات ناوی لێبنرێت "ناوچەی ئارام" ئارام نیـیە. دەشڵێت ئەمە پـێچەوانەی ئیدیعاکانی تورکیایە کە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارامە. گوتی ئەو گروپانەی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە دایناون تاوانیان لە دژی خەڵکی سیڤیل ئەنجام داوە و لەسەر بنەمای نەژادی جیاوازی دەکەن و تەنیا ڕێگە بە خێزانە عەرەبەکان دەدەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە چەندان نمونەی پـێشێلکاری کردووە کە دەڵێت شیانی هەیە تاوانی جەنگ بن، لەوانە بێ سەروشوێنکردنی 3 کارمەندی ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی لەلایەن چەکدارانی ئەو گروپانەوە. هەروەها داگیرکردنی ماڵی ڕۆژنامەوانێک کە لەگەڵ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز کاردەکات.

XS
SM
MD
LG