Accessibility links

باوک و دایکێک لە چین لە پاش 38 ساڵ منداڵەکەیان دەدۆزنەوە


ژن و مێردێکی چینی بە تەمەن لە پاش 38 ساڵ منداڵە ڕفێندراوەکەیان دەدۆزیوەتەوە کە ئێستادا بووە بە باوک و خاوەنی 2 منداڵە.

سوو بینگەی تەمەن 70 ساڵ و هاوسەرەکەی بە چاوێکی پـڕ لە گریانەوە باوەشیان بە کوڕەکەیاندا کردەوە لە پاش ئەو دەیان ساڵەی لێـیان دوربوو.

بەسەرهاتی تاڵی ئەم خێزانە لەوەوە دەستیپـێکرد کاتێک لە ئێوارەی ڕۆژێکی مانگی پـێنجی ساڵی 1982 ، سووی باوک لە ماڵ چووەتە دەرێ بۆ ماڵی خزمێکی نزیکی و دەرگای ماڵەکەی لە پشت خۆی دانەخستووە بەو هیوایەی زوو دەگەڕێتەوە، بەڵام شەو نەگەڕاوەتەوە. هاوسەرەکەی کاتێک بەیانی لە خەو هەڵدەستێت دەبینێت کوڕە دوو ساڵانەکەی دیارنەماوە، بۆیە بە پەلە مێردەکەی و خزم و دراوسێ ئاگاداردەکاتەوە و بە دوایدا دەگڕێن، بەڵام بێ سوود دەبێت.

وەک خێزانەکە دەڵێن بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو لە شار و شارۆچکە و گوندی وڵاتەکەدا بە دوایدا گەڕاون.

هەتا لە سەرەتای ئەمساڵ باوکەکە (سوو بینگە) قسەی بۆ میدیاکان کردبوو و گوتبووی تەمەنی بووە بە حەفتا ساڵ و چاوەڕێی مرگ دەکات و پارەی بۆ ناشتنەکەی کۆکردووەتەوە، بەڵام ئاواتێکی هەیە ئەویش پـێش مەرگی جارێکی دیکە چاوی بە کوڕەکەی بکەوێتەوە.

دەزگاکانی پـۆلیسیش لای خۆیانەوە هەوڵیان بۆ داوە و لە ڕێگەی پـشکنینی DNA توانیان کوڕەکەی بۆ بدۆزنەوە کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لێـیانەوە دور بووە و ئێستا خێزانی خۆی هەیە و خاوەنی دوو کوڕە.

لە 17ی مانگی نۆ، ئەم باوک و دایکە بە کوڕەکەیان شادبوونەوە و بەو بۆنەیە ئاهەنگیان بۆ سازکرا. سوو بینگە جارێکی دیکە قسەی بۆ میدیاکان کردەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی زۆر خۆشحاڵە چونکە نەک تەنیا کوڕەکەی بینیەوە، بەڵکو نەوەکانیشی بینی.

ڕفاندنی منداڵان لە چین دیاردەیەکی زۆر باوە و بەپـێی ئامارەکان ساڵانە نزیکەی 200 هەزار منداڵ لەو وڵاتە دەڕفێندرێن و ژمارەیەکی زۆر کەمیان دەدۆزرێنەوە.

XS
SM
MD
LG