Accessibility links

دادگایەکی چین بڕیار سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەوانێک دەدات


دادگایەکی چین بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە پارتی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدار و حکومەتەکەی، بڕیاری سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەوانێک دا کە پـێشتر لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فەرمی وڵاتەکەی کاری دەکرد.

بەپـێی ڕاگەیاندنێکی دادگای " گەل" لە هەرێمی هونانی ناوەندی چین، ڕۆژنامەوان چەن چیرن تاوانبارکراوە بەوەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان زانیاری درۆ و نەرێنی بڵاوکردووەتەوە. ئەمانەش جۆرە تۆمەتێکن لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە بەکاردەهێنرێن لە دژی ئەوانەی ڕەخنە لە حوکمڕانی وڵاتەکە دەگرن.

جگە لەمانە،چەن چیرن تاوانباریش کراوە بە بەدەستهێنانی پارە لە ڕێگەی کاری نایاسایی لەگەڵ هاوسەری پـێشووی و 3 کەسی دیکە.

چەن چیرن پـێشتر کاری کردبوو لە ڕۆژنامەکانی "ڕۆژانەی گەنجان" و "ڕۆژانەی پەکین" و "ڕۆژانەی گەل" کە هەر هەموویان هی دەسەڵاتن. بەڵام دوای دەرکردنی لەو ڕۆژنامانە دەستیکردبوو بە نووسین و ڕەخنەگرتن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە.

ڕێکخراوی چینی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لەم بارەیەوە ڕایگەیاند " پـێدەچێت چەن چیرن سزادرابێت بەهۆی وتارە سیاسیـیەکەی لەسەر WeChat و تۆڕە کۆمەڵایتیـیەکانی دیکە." داواشی کرد بەبێ هیچ مەرجێک دەستبەجێ ئازادبکرێت.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە چین ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە بەهۆی شاردنەوەی زانیاریـیەکان لە بارەی نەخۆشی کۆرۆناوە، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا.

لە مانگی دوو چین 13 ڕۆژنامەوان و پەیامنێری ئەمەریکایی لە وڵاتەکەی دەرکرد کە ڕووماڵی هەواڵەکانی پەتای کۆرۆنایان دەکرد.

XS
SM
MD
LG