Accessibility links

دەسەڵاتدارانی چین فەرمان بە فرۆشگاکان دەکەن وشەی عەرەبی بەکارنەهێنن


دەسەڵاتداران لە بەیژینی پایتەختی چین فەرمانیان بە فرۆشگا و ڕێستورانتەکانی شارەکەیان کردووە هەرچی وشەی عەرەبی لەسەر شوێنەکانیان نووسیویانە بیسڕنەوە و لە بریان وشەی چینی بەکاربهێنن.

کارمەندانی 11 ڕێستورانت و فرۆشگا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کاربەدەستان فەرمانیان پـێکردوون نووسینە عەرەبـیەکان بسڕنەوە، وەکو وشەی "حلال" تەنانەت فەرمانیشیان پـێکردوون هەموو هێمایەکی ئیسلامیش بسڕنەوە، وەکو وێنەی مانگ (هلال).

بەڕێوەبەری ڕێستورانتێک بۆ ڕۆیتەرز لێدوانی داوە بەو مەرجەی ناوی بڵاونەکرێتەوە لەبەر هەستیاری بابەتەکە. گوتویەتی" هاتن پـێیان گوتوین ئەمە کەلتوری بیانیـیە و دەبێت زیاتر گرنگی بە کەلتوری چینی بدەن."

ئەم هەڵمەتەی دەسەڵاتدارانی چین مزگەوتەکانیشی گرتووەتەوە و فەرمانیان پـێکردووەن گومەزەکانیان لە شێوازی گومەزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگۆڕن بۆ شێوازی چینی.

هەرچەندە چین بە فەرمی ڕێگەی بە ئازادی ئاینی داوە، بەڵام حکومەت پەیڕەوانی ئاینی ناچارکردووە خۆیان لەگەڵ بیروباوەڕی حزبی کۆمۆنیست بگونجێنن.

ئەم کۆتوبەندانە تەنیا نەخراونەتە سەر موسڵمانان، بەڵکو کرستیانەکانیش گرتووەتەوە. چەندان کڵێسا داخراون کە بە نهێنی کاریانکردبوو و لەگەڵ ئەوەشدا خاچی سەر هەندێک کڵێسایان داگرتووە بە ناوی ئەوەی یاسایی نین.

XS
SM
MD
LG