Accessibility links

سەرۆکی چین دەڵێت ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی هەردوولادا کار لەگەڵ ئەمەریکادا بکات


کەناڵی دەوڵەتی چین بڵاویکردەوە سەرۆکی چین شی جین پینگ دەڵێت چین ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکادا کار بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، ئەمەش پێش ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان شی و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ئیندۆنیسیا.

شی لە بۆنەیەکدا لە لیژنەی نیشتیمانی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین گوتی چین و ئەمەریکا دەبێت پەیوەندی و هاریکارییەکانی نێوانیان پتەو بکەن تاوەکو یارمەتیدەر بن لە جێگیرکردنی جیهاندا.

چین و ئەمەریکا لەسەر چەند بابەتێک ناکۆکن، لەوانەش سیاسەتی چین بەرامبەر تایوان و پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ڕووسیادا و لەمدواییانەشدا هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی تەکنەلۆجیاکان لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەمەریکاوە بە چین، بەتایبەتی تەکنەلۆجیای نیمچە گەیەنەر.

لەمدواییانەشدا چین زۆر توڕە بوو بەهۆی سەردانی یاسادانەرانی ئەمەریکاوە بۆ تایوان. چین وتی ئەمەریکا " نیشانەی زۆر مەترسیدار " دەنێرێت لەسەر تایوانی دیموکراتخواز کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

شی جین پینگ دەستوەردانی دەرەکی لە تایوان سەرکۆنە کردووە و لەمدواییانەشدا وتی چین هەرگیز دەستبەرداری مافی خۆی نابێت بۆ بەکارهێنانی هێز لەسەر تایوان.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو گوتی " ئەمەریکا هەوڵی ململانێ نادات لەگەڵ چیندا."

دوای ئەوەی شی جین پینگ دووبارە وەکو ڕابەری چین هەڵبژێردرایەوە، ئەمەریکا جەختی لە گرنگی پاراستنی هێڵەکانی پەیوەندیی کردەوە لەگەڵ چیندا.

پێشبینی دەکرێت شی و بایدن لە مانگی یانزەدا ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست بن لە بالی ئیندۆنیسیا، بەڵام بە فەڕمی هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی دوو سەرۆکەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG