Accessibility links

شی: چین لەسەر ئاڕاستە ڕاستەکەی مێژووە


CHINA-XI JINPINGسەرۆکی چین شی جینپینگ
CHINA-XI JINPINGسەرۆکی چین شی جینپینگ

سەرۆکی چین شی جینپینگ لە وتارەکەیدا بە بۆنەی سەری ساڵەوە وتی " چین لەسەر ئاڕاستە ڕاستەکەی مێژووە "، ئەمەش لە کاتێکدا کە گومان دروست بووە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی حکومەتەکەی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاستەنگییە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتەکە.

شی لە وتارەکەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی بە دوور گرت لە قسەکردن لەسەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکەی بۆتەوە، لە جیاتی ئەوە، ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانیدا لە کەرتی کشتوکاڵ و لە ناوبردنی هەژاری و میوانداریکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە مانگی دوودا.

بەڵام دواتر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاماژەی بەو ئاستەنگییەدا کە چین ڕووبەڕووی بۆتەوە و وتی " جیهان لە ئاشتیدا نیە."

شی وتی " چین هەمیشە بە شێوەیەکی جێگیر داوای ئاشتی و گەشەپێدانی کردووە، بەبێ چەواشەکاری لەسەر ئاڕاستە ڕاستەکەی مێژوو وەستاوە."

بۆ یەکەمین جار دوای زیاتر لە 30 ساڵ، لەم هەفتانەی ڕابردوودا هاوڵاتیانی چین خۆپیشاندانێکیان دژی حکومەتەکەی شی و پارتی کۆمیونیستی فەرمانڕەوا ئەنجامدا.

وتارەکەی شی دوابەدوای ئەوە دێت چین ڕێکارە توندەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لابرد و ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا، کۆمەڵێک وڵاتیش بە ئەمەریکاشەوە داوایان لە گەشتیارانی چین کردووە بیسەلمێنن کە هەڵگری ڤایرۆسەکە نین، هەندێک وڵاتی دیکەش وەکو کۆریای باکوور، بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتکردنی هاوڵاتیانی چینی بۆ وڵاتەکە قەدەغە کردووە.

لە مانگی 10 دا شی بۆ سێیەمین جار پێنج ساڵی سەرۆکایەتی چینی بۆ خۆی نوێ کردەوە و جارێکی دیکەش ڕابەرایەتی 97 ملیۆن ئەندامی پارتی کۆمیونیست دەکاتەوە.

چین لە هەمان کاتیشدا لە ژێر فشاردایە لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی بۆ ڕووسیا. ڕۆژی هەینی شی و پوتن لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆبوونەوە، لە زاری شییەوە بڵاوکرایەوە کە ڕووداوەکانی ئۆکرانیا بە " قەیران " ناودەبات.

پێشتر چین جەنگەکەی لە ئۆکرانیا بە " ڕەوشی ئۆکرانیا " ناودەبرد، ئەم جارەیان شی بە " قەیران " ناویبرد، ئەو گۆڕانکارییەش ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی چینە سەبارەت بە ئاڕاستەی جەنگەکە.

بەڵام شی لە لێدوانەکانیدا بۆ پوتن وریا بوو لە جەخت کردنەوە لە پشتیوانییەکانی بۆ مۆسکۆ. چین بەڵێنی هاوبەشییەکی " بێسنووری " لەگەڵ ڕووسیادا داوە و تاوەکو ئێستا لۆمەی پوتنی نەکردووە لەسەر جەنگەکە، هاوکات ڕەخنەی لە ئەمەریکا و ناتۆ گرتووە و سەرکۆنەی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی کردووە بەسەر ڕووسیادا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG