سوپای چین 16 فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی دەریای باشووری تایواندا برد، هاوکات ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی ئەمە " کردەوەیەکی وروژێنەرانەی سەربازییە " لەلایەن چینەوە لە نزیک تایوان.
ڕۆژی هەینی چین 38 فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کرد، هەروەها ڕۆژی شەممەش 39 فڕۆکەی ڕەوانەکرد، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە تەنها یەک ڕۆژدا لە دوای 20 ی مانگی نۆی ساڵی 2020 ەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریدا و وتی چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک تایوان مەترسی لێکدانەوەی هەڵەی لێدەکەوێتەوە و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
پڕایس لە بەیاننامەکەدا وتی " داوا لە پەکین دەکەین فشارە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکانی دژ بە تایوان کەم بکاتەوە."
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا کە گەورەترین دابینکەری چەکە بۆ تایوان، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی تایوان تاوەکو بتوانێت تواناکانی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بپارێزێت.
لە ساڵی 1949 دا و دوای ئەوەی کۆمەنیستەکان کۆنتڕۆڵی چینیان کرد، تایوان لە چین جیابۆوە، نەتەوە پەرستەکانی ڕکابەری کۆمەنیستەکان، حکومەتێکیان لە تایوان پێکهێنا.
زیاتر لە ساڵێکە چین فڕۆکەی سەربازی ڕەوانەی ناوچەی باشووری تایوان دەکات. وەزارەتی بەرگری تایوان وتی ڕۆژی یەکشەممە 12 فڕۆکەی جەنگی و چوار فڕۆکەی دیکەی سەربازی هاتوونەتە ناوچەی ناسراوی بەرگریی ئاسمانی تایوانەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا