Accessibility links

باڵیۆزی نوێی چین بۆ ئەمەریکا دەگاتە واشنتن


باڵیۆزی نوێی چین بۆ ئەمەریکا کین گانگ
باڵیۆزی نوێی چین بۆ ئەمەریکا کین گانگ

باڵیۆزی نوێی چین بۆ واشنتن کین گانگ هیوای خواست ئەمەریکا سەربکەوێت بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا و وتی هەلی مەزن چاوەڕێی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەکات، ئەم لێدوانە گەشبینەش لەکاتێکدایە گرییەکی زۆر هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.

گەیشتنی کین چەند ڕۆژێک دوای گفتوگۆ ئاست بەرزەکانی نێوانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان و دیبلۆماتکارێکی باڵای چیندا هات لە باکووری شاری تیانجینی چین، کۆبوونەوەکەشیان بەوە کۆتایی هات هەردوولا داوایان لە یەکتر کرد سازش بکەن تاوەکو پەیوەندییەکانی نێوانیان باشتر ببێت.

کینی تەمەن 55 ساڵ کە پێشتر جێگری وەزیری دەرەوە بووە و لەمدواییانەدا وەکو بەرپرسی کاروباری ئەوروپا و پڕۆتۆڵەکان کاریکردووە، شوێنی باڵیۆزی پێشووی چین بۆ ئەمەریکا کوی تیانکای دەگرێتەوە کە مانگی ڕابردوو دوای هەشت ساڵ لە واشنتن وازهێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.

کین دوای ئەوەی گەیشتە شوێنەکەی خۆی لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەتەواوەتی باوەڕم وایە دەرگای پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین، کە کراوەیە، ناکرێت و نابێت دابخرێت."

وتی " پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیارەوە، نەک تەنها ڕووبەڕووی زۆرێک لە قورسایی و ئاڵنگاری بۆتەوە، بەڵکو هەلی مەزنیشی لەبەردەمدایە."

وتیشی سەرەڕای کێشەکان پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە هەمیشە بەردەوام بووە و ئاماژەشی بەوەدا ئابووری ئەمەریکا لە ماوەی سەرۆکایەتی جۆو بایدندا باشتر بووە.

هیواشی خواست " وڵاتەکە بەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەربکەوێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG