Accessibility links

ئەمەریکا و چین هەنگاوی گەورە دەنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا


سەرۆکی چین شی جین پینگ لەمیانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی چیتر وڵاتەکەی پشتیوانی دارایی لە پڕۆژەی وێستگەکانی وزەی خەڵوز لە دەرەوەی وڵاتەکەی ناکات.

ئەم لێدوانەی شی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند ئەمەریکا تاوەکو ساڵی 2024 یارمەتیە داراییەکانی بۆ وڵاتە هەژارەکان دوو هێندە دەکات، بڕی یارمەتیەکان بۆ هەر ساڵێک دەگاتە 11.4 ملیار دۆلار، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئەو وڵاتە هەژارانە وزەیەکی پاکتر بەکاربهێنن و بەشێوەیەک بێت لەگەڵ خراپبوونی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەویدا بگونجێت.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن کە میوانداری خولی دواتری دانوستانەکان دەکات سەبارەت بە کەش و هەوا، بە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسی وت " ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر باش بوو بۆ جیهان."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " هێشتا ڕێگەیەکی دوورودرێژمان لەبەردەمدا ماوە " تاوەکو کۆبوونەوەکان سەبارەت بە کەش و هەوا سەرکەوتوو بن.

بڕیارەکەی چین کە هێشتا نازانرێت کەی دەخرێتە بواری جیبەجێکردنەوە، دەبێتە هۆی لەناوبردنی 47 پڕۆژەی وزەی خەڵوز لە 20 وڵاتی جیهاندا کە سوتەمەنی بەکاردەهێنن و زۆرترین گازی گەرمیان لێوە دەردەچێت.

شارەزایان دەڵێن " ئەمە شتێکی گەورەیە، چین تەنها وڵات بووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیوانی لە پڕۆژەکانی وزەی خەڵوز کردووە. ئەم ڕاگەیاندنە کۆتایی بە سەرجەم پشتیوانیەکان دەهێنێت لە سەرانسەری جیهاندا."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمەریکادا کاردەکات تاوەکو پشتیوانیە داراییەکان تاوەکو ساڵی 2024 دوو هێندە بکات. بایدن لەمیانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " باشترین شت لەمەدا ئەوەیە ئەم وەبەرهێنانە ئەوە نیە تەنها بۆ گۆڕانی کەش و هەوا باش بێت، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ وڵاتەکانمان کە وەبەرهێنان لە خۆمان و داهاتووشماندا بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG