Accessibility links

ڕوبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی هۆنگ کۆنگەوە


نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون
نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون

ئەمەریکا و چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە بەهۆی هۆنگ کۆنگەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چین داواکەی واشنتنی ڕەت کردەوە بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی سەپاندنی یاسای ئاسایشی نیشتیمان بەسەر هۆنگ کۆنگدا.

شاندی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی " بابەتەکە جێی نیگەرانیەکی جیهانیە و پەیوەستە بە ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانەوە." دواتر ئاماژەی بە پێویستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە.

نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون لە تویتەر نوسیویەتی " چین بەتەواوەتی ئەم داوایە ڕەت دەکاتەوە کە هیچ بنەمایەکی نیە، چونکە یاسای تایبەتی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ هۆنگ کۆنگ بابەتێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە نیە."

ئەم داوایەی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین بەهۆی پەتای کۆرۆناوە. واشنتن گومانی هەیە لە ڕاستگۆیی چین لەسەر ڤایرۆسەکە کە سەرەتا لە شاری وهانی چینەوە سەریهەڵدا.

ئەمەریکا وتی ڕازینەبوونی چین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هۆنگ کۆنگ و " شاردنەوە و خراپ مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی لە مافەکانی مرۆڤ و ڕەفتارە نایاساییەکانی لە دەریای باشووری چین، دەبێت بۆ هەمووان ئاشکرا ببێت کە پەکین وەکو ئەندامێکی بەرپرس لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسوکەوت ناکات."

لە وەڵامدا ژانگ وتی " ڕاستیەکان جارێکی دیکە دەیسەلمێنن ئەوە ئەمەریکایە کێشە لە جیهاندا دروست دەکات. ئەمەریکا بەرپرسیارێتیەکانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردووە. چین داوا لە ئەمەریکا دەکات بەزووترین کات دەستبەرداری سیاسەتی بەکارهێنانی هێز و هەڵسوکەوتە یاخییەکانی دیکەی ببێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG