باڵیۆزی چین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ دەڵێت بەیژینگ هاریکاری لەگەڵ ئۆفیسی کاروباری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناکات، ئەوەش دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە " پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینگیانگی ڕۆژئاوای چین."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە چین " بەشێوەیەکی مەترسیدار مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراون " و دەستگیرکردنی یوگۆرەکان و موسوڵمانەکانی دیکەی شینگیانگ ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی.
باڵیۆزی چین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان شێن شو بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئۆفیسەکە بە بڵاوکردنەوەی هەڵسەنگاندنەکەی دەرگای هاریکارییەکانی داخست." گوتیشی ڕاپۆرتەکە کە لە 31 ی مانگی هەشتدا بڵاوکراوەتەوە " نایاسایی و نادروستە." چین ڕەتی دەکاتەوە پێشێلکاری لە شینگیانگدا کردبێت.
ڕاپۆرتەکە چەند خولەکێک پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی کۆمسیۆنی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل باشیلێ بڵاوکرایەوە کە لە مانگی پێنجیشدا سەردانی چینی کرد.
لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە سەرجەم دەستگیرکراوەکان لە ناوەندەکانی مەشق و زیندانەکان و ناوەندەکانی گرتن ئازاد بکرێن.
شێن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئێستا کۆمەڵێک بیرۆکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتەوە دروست بوون. ناتوانیت ئازارمان بدەیت و لە هەمان کاتیشدا چێژ لە هاریکاری وەربگریت لەگەڵماندا."
پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتوودا ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا تاوتوێی ڕاپۆرتەکە بکرێت. شێن گوتی " بە توندی دژایەتی " هەر ڕێوشوێنێک دەکات کە لە کۆبوونەوەکەدا دژی چین بگیرێتەبەر.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز