Accessibility links

سەرۆکی چین: هیچ نیازێکمان نیە بۆ چوونە ناو "جەنگی سارد یاخود گەرم" لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا


سەرۆکی چین شی جین پینگ بە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند پەکین " هیچ نیازێکی نیە بۆ چوونە ناو جەنگێکی سارد یاخود گەرمەوە لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا."

شی لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا لەبەردەم کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕابەرانی جیهاندا وتی " بەردەوام دەبین لە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و چارەسەرکردنی ململانێکان لەڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە. هەوڵی ئەوە نادەین تەنها پەرە بە خۆمان بدەین و بچینە یارییەکەوە کە ئەنجامەکەی سفرە."

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە سەرەتا لە وهانی چین سەریهەڵدا گرژییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا زیادییانکرد. واشنتن پەکین تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕاستگۆ نەبووە سەبارەت بە ڤایرۆسەکە و ئەوەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکە، پەکینیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. شی داوایکرد هەموو جیهان پێکەوە ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕۆڵێکی باڵا لەو کارەدا ببینێت.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆمەتبارکردووە بەوەی وەکو دەڵێت ڕێکخراوەکە بووکەڵەی دەستی چینە و چاوپۆشی لەو وڵاتە کردووە.

سەرۆک ترامپ لەمیانەی وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "حکومەتی چین و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO کە بە شێوەیەکی بەرچاو چین کۆنترۆڵی بەسەریدا هەیە هەردووکیان لە سەرەتاوە بە‌هەڵە ڕایانگەیاندبوو هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات ئەم نەخۆشییە لە نێوان مرۆڤدا دەگوێزرێتەوە، پاشان گوتیان ئەو کەسانەی کە نیشانەکانیان تێدا نییە نەخۆشییەکە بڵاو ناکەنەوە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان چین بەرپرسیار بکات لە کردەوەکانی."

لە ماوەی ڕابردووشدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا وتی دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین تاوەکو خۆمان بەدووربگرین لە جەنگێکی نوێی سارد، هۆشیاریدا لەوەی " ئێمە بە ئاڕاستەیەکی زۆر مەترسیداردا دەڕۆین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG