Accessibility links

چین وەڵامێکی توندی تورکیا دەداتەوە لە بارەی شاعیرێکی ئویغوری


بەیژین ڕەخنەی توندی لە ئەنکەرە گرت سەبارەت بە ڕاگەیاندنێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە تیایدا چین تاوانباردەکات بە مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئویغورەکان و شاعیرێکی ئویغوری لە زینداندا گیانی لەدەستداوە.

هوا شونیەنگ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی" چین بە فەرمی ناڕەزایی خۆی ئاڕاستەی لایەنی تورکی کردووە. هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تورکیا جیاوازی بکەن لە نێوان ڕاستی و درۆ وە هەڵەکانیان ڕاستبکەنەوە."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممە گوتی عەبدولڕەحیم هەیت شاعیری ئویغوری کە حوکمی 8 ساڵ زیندانی دراوە لەسەر یەکێک لە گۆرانیـیەکانی، لە زینداندا گیانی لەدەستداوە.

بەڵام چین بۆ ڕۆژی یەکشەممە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا کەسێک گوتی ناوی عەبدولڕەحیم هەیتە و هێشتا زیندووە و سەلامەتە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای بە کارێکی چەپەڵانە ناودێرکرد و داوای لە ئەنکەرە کرد پەشیمان بێتەوە و ڕایبگەیەنێت تۆمەتێکی درۆی خستووەتە باڵ بەیژین.

گوتیشی ڤیدیۆکەی دوێنێی عەبدولڕەحیم هەیت نەک تەنیا نیشانی دەدات زیندووە بەڵکو ئاشکراشی دەکات باری تەندروستیشی باشە.

تورکیا بەردەوام ڕەخنە لە چین دەگرێت لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئویغورەکان کە بە ڕەچەڵەک تورکن. دەڵێت حکومەتی چین مافی ئویغورەکان پـێشێل دەکات و ژمارەیەکی زۆریانی خستووەتە زیندانەوە.

XS
SM
MD
LG