Accessibility links

چین دەڵێت ئامادەیە بۆ " پەیوەندییەکی هاوڕێیانە " لەگەڵ تاڵیباندا


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و سیاسەتمەداری باڵای تاڵیبان مەلا عەبدول غەنی برادار لە تیانجین، چین
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و سیاسەتمەداری باڵای تاڵیبان مەلا عەبدول غەنی برادار لە تیانجین، چین

دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان ئەفغانستانیان کۆنتڕۆڵکرد، وتەبێژێکی حکومەتی چین وتی وڵاتەکە ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی " پەیوەندییەکی هاوڕێیانە " لەگەڵ تاڵیباندا.

لە ماوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە ئەفغانستاندا پەکین هەوڵیداوە پەیوەندییە نافەڕمییەکانی لەگەڵ تاڵیباندا بهێڵێتەوە، هاوکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، تاڵیبان دەستیکرد بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان و لە کۆتاییدا ڕۆژی یەکشەممە کابوڵی پایتەختیشی کۆنتڕۆڵکردەوە.

جێی ئاماژەیە چین سنوورێکی بەدرێژایی 76 کیلۆمەتر لەگەڵ ئەفغانستاندا هەیە.

پەکین هەمیشە لەوە ترساوە ئەفغانستان ببێتە خاڵێکی سەرەکی بۆ کەمینەکانی ویگۆر لە هەرێمی شینگیانگ کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکەوە.

بەڵام مانگی ڕابردوو شاندێکی باڵای تاڵیبان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وانگ یدا لە تیانجین کۆبوونەوە، بەڵێنی ئەوەیاندا ئەفغانستان نەبێتە بنکەیەک بۆ چەکداران.

لەبەرامبەر ئەوەشدا چین پێشنیاری پشتیوانی ئابووری و وەبەرهێنانی کرد لە دووبارە بونیادنانەوەی ئەفغانستاندا.

ڕۆژی دووشەممە چین وتی " پێشوازی " لە دەرفەتی باشکردنی پەیوەندییەکان دەکات لەگەڵ ئەفغانستاندا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " تاڵیبان چەند جارێک هیوایان خواستووە پەرە بە پەیوەندییەکی باش بدەن لەگەڵ چیندا، هەروەها وتوویانە بە پەرۆشەوەن بەشداری بە چین بکەن لە دووبارە بونیادنانەوە و گەشەپێدانی ئەفغانستاندا."

وتی " ئێمە پێشوازی لەمە دەکەین، چین ڕێز لە مافی خەڵکی ئەفغانستان دەگرێت لەسەر ئەوەی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن و ئێمەش دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکی هاوڕێییانە و هاریکاری لەگەڵ ئەفغانستاندا بدەین."

هوا داوای لە تاڵیبان کرد وەرگرتنی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە بێت و بەڵێنەکانی بۆ تاوتوێکردنی " حکومەتێکی کراوە و نوێی ئیسلامی " جێبەجێ بکات و هەروەها گرەنتی پارێزراوی هاوڵاتیانی بیانی و ئەفغانیەکان بدات.

هوا وتی باڵیۆزخانەی چین لە کابوڵ هێشتا کارایە، ئاماژەشی بەوەدا چەند مانگێک لەمەوبەر دوای خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشی ئەفغانستان، پەکین هاوڵاتیانی لە ئەفغانستان گواستۆتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG