Accessibility links

فڕۆکە جەنگییەکانی چین جارێکی دیکە دەچنە ئاسمانی تایوانەوە


ڕۆژی دووشەممە تایوان ڕایگەیاند هێزێکی زۆری ئاسمانی چین هاتوونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانیی تایوانەوە، وەزارەتی بەرگری تایوانیش وتی فڕۆکە جەنگییەکانی تایوان ڕەوانە کراون تاوەکو 30 فڕۆکەی جەنگی چین ئاگادار بکەنەوە و دوورییان بخەنەوە.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تایوان نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە چالاکییەکانی هێزی ئاسمانی چین لە نزیک دورگە دیموکراتخوازەکەوە، زۆرجار لە باشووری ڕۆژئاوای ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایوانەوە چالاکییەکان ئەنجام دەدرێن، کە نزیکە لە دورگەکانی پراتاسەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تایواندان.

تایوان دەڵێت چالاکییە سەربازییەکانی چین لە نزیک دورگەکەوە مەبەست لێیان بێزارکردنی هێزی ئاسمانی تایوانە، چونکە هەر کاتێک فڕۆکەکانی چین لە نزیک تایوان یاخود بەسەر ئاسمانی تایواندا دەفڕن، هێزی ئاسمانی تایوان دەبێت ڕووبەڕوویان ببنەوە و ئاگادارییان بکەنەوە و دوورییان بخەنەوە، هەروەها مەبەستێکی دیکەش تاقیکردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی تایوانە.

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی دوایین چالاکییەکەی چین 22 فڕۆکەی جەنگی لە خۆگرتووە، هاوکات فڕۆکەی ئەلیکترۆنی و فڕۆکەی دژە ژێرئاوگەڕیش بەشدارییان تێدا کردووە.

وەزارەتەکە وتی فڕۆکەکان لە ناوچەیەکی باکووری ڕۆژهەڵاتی دورگەکانی پراتاس فڕیون، دوور بوون لە تایوان خۆیەوە.

گوتیشی تایوان فڕۆکەی جەنگی ڕەوانە کردووە تاوەکو فڕۆکە چینییەکان دووربخەنەوە، سیستمی بەرگری موشەکیش جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنیان.

لە مانگی یەکدا 39 فڕۆکەی جەنگی چینی هاتنە ناوچەی بەرگری ئاسمان تایوانەوە.

هەفتەی ڕابردوو سوپای چین گوتی لەم دواییانەدا مەشقێکی سەربازی لە نزیک تایوان ئەنجامداوە و ئامانج لێی " هۆشداریدان " بووە دژی هاریکارییەکانی تایوان لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG