Accessibility links

چین هۆشداری دەدات لەسەر هەوڵەکانی تایوان بۆ سەربەخۆیی


بەرپرسێکی چین هۆشداریدا و وتی چین " ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە " دەگرێتەبەر ئەگەر تایوان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت، وتیشی پێدەچێت لە ساڵی داهاتوودا هەوڵەکانی تایوان و دەستوەردانە دەرەکییەکان زیاتر ببن.

چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، لەم دوو ساڵەی ڕابردووشدا فشارە سەربازیی و دیبلۆماتیەکانی بۆ سەر تایوان زیادکردووە تاوەکو دورگەکە ناچار بکات لەگەڵ چیندا یەکبگرێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی توڕەبوونی تایوان و نیگەرانکردنی ئەمەریکا.

وتەبێژی ئۆفیسی کاروباری تایوان ما شاوگوانگ وتی چین دەیەوێت ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ وڵاتەکەدا، بەڵام دەجوڵێین ئەگەر تایوان هێڵە سوورەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی ببەزێنێت.

وتی " ئەگەر هێزە جیاخوازەکان لە تایوان هەوڵی وروژاندنی سەربەخۆیی بدەن، هێز بەکاربهێنن یاخود یەکێک لە هێڵە سوورەکان ببەزێنن، ئەوا ناچار دەبین ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرینەبەر."

تایوان یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین، ئەمەریکا گەورەترین پشتیوانیکەری تایوانە لەڕووی دابینکردنی چەکەوە، ئەمەش سەرەڕای نەبوونی هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ تایواندا.

چینیش زۆرجار تایوان بە یەکێک لە هەستیارترین کێشەکانی دادەنێت لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئەمەریکا.

ما ئاماژەشی بەوەدا پێدەچێت لە ساڵی داهاتوودا هەوڵەکانی هێزە جیاخوازەکان لە تایوان و " دەستوەردانە دەرەکییەکان " زیاتر دەبن.

وتی " ساڵی داهاتوو ڕەوشی تەنگەی تایوان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG