Accessibility links

چین و ڕوسیا هەوڵ دەدەن سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور لاببرێن


چین و ڕوسیا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن سزاکانی سەر کۆریای باکوور کەمبکرێنەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی هەوڵەکەی ساڵی 2019 یان کە تیایدا داوایان کرد ڕێگە بدرێت کۆریای باکوور پەیکەر و خواردنی دەریایی و قوماش هاوردەی دەرەوە بکات، هەروەها دواتر ڕێگە بدرێت نەوتی پاڵێوراو هەناردەی ئەو وڵاتە بکرێت.

لە نوسراوێکدا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، چین و ڕوسیا داوا لە ئەنجومەنە 15 ئەندامیەکەی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن " بە نیازی باشکردنی ژیانی دانیشتوانی مەدەنی کۆریای باکوور " ئەو سزایانە لاببات.

بەهۆی بەرنامە ناوەکی و موشەکیە باڵیستیکیەکەیەوە، کۆریای باکوور لە ساڵی 2016 ەوە لەژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بە داواکارییەکانی دوو ساڵ لەمەوپێشی ڕوسیا و چین دراوە، لەوانەش لابردنی بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردنی هاوڵاتیانی کۆریای باکوور لە دەرەوە، هەروەها جیاکردنەوەی پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی ناو کۆریا و هاریکارییەکانی ڕێگاوبان لە سزاکان.

کۆمەڵێک لە دیبلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن داواکەی چین و ڕوسیا پشتیوانیەکی ئەوتۆی لێناکرێت. لە ساڵی 2019 دا ڕوسیا و چین دوو خولی دانوستانیان سەبارەت بە داواکانیان ڕێکخست، بەڵام بە فەڕمی نەیانخستۆتە دەنگدانەوە.

دیبلۆماتکاران وتیان تاوەکو ئێستا چین و ڕوسیا کاتێکیان دیارینەکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە.

پەسەندکردنی هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنەکە پێویستی بە نۆ دەنگ هەیە و دەبێت هیچ کام لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکە کە ئەمەریکا و فەڕەنسا و ڕوسیا و چین و بەڕیتانیان، ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکارنەهێنن.

مانگی ڕابردوو باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەمیشە خواستی چین بووە کە تاوتوێی ئەو بارە ناهەموارە مرۆییە بکرێت کە بەهۆی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە دروست بووە."

وتەبێژێکی شاندی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئەنجومەنی ئاسایش چەند جارێک جەختی لەوە کردۆتەوە ئامادەیە بۆ دەستکاریکردن یاخود چاککردن یاخود لابردنی سزاکان بەپێی پابەندبوونی کۆریای باکوور. بەڵام کۆریای باکوور هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ پابەندبوون بە داواکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەبارەت بە سنووردارکردنی بەرنامە موشەکی و ناوەکییە قەدەغەکراوەکەی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG