Accessibility links

ڕووسیا: ڕووسیا و چین سەرکۆنەی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکەن بۆ سەر مۆسکۆ


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و چین سەرکۆنەی سزاکانی ڕۆژئاوایان کردووە بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، وتیشیان سزاکان نایاسایین و لەجیاتی سوود زیانیان لێدەکەوێتەوە.

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لە هەرێمی ئانهوی ڕۆژهەڵاتی چین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا کۆبۆوە.

ڕووسیا هەوڵ دەدات پشتیوانی و هاوبەشیی چینی دەست بکەوێت، لەکاتێکدا کە بەهۆی سزاکانەوە لە سیستمی دارایی جیهان دوورخراوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوو وەزیرەکە بۆچوونی خۆیان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە ڕەوشەکەی ئۆکرانیا. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشڕەوییەکانی ڕووسیای لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەیدا لە ئۆکرانیا بە هاوتا چینییەکەی ڕاگەیاندووە، هەروەها باسی لە گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاش کردووە."

هەردوولا ئاماژەیان بەوەدا ئەو سزایانەی سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا نایاسایین و لەجیاتی سوود زیانییان هەیە.

وەزارەتەکە وتی دوو وەزیرەکە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی ڕووسیا و چین بەردەوام بن لە پتەوکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکەیان و بە دەنگێکی یەکگرتوو باس لە کاروبارەکانی جیهان بکەن."

وتی " ڕێکەوتوون لەسەر پتەوترکردنی هەماهەنگییەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لە کۆمەڵێک ڕووی جۆراوجۆرەوە."

کەناڵی فینیکسی چین وتی وانگ وتوویەتی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و چین " بەرگەی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییە بێزارکەرەکانیان گرتووە " و خواستەکانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان " بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی " هیچ سنوورێک نیە بۆ هاریکارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا، هیچ سنوورێک نیە بۆ هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایش."

وتیشی " پەیوەندییەکانی نێوان چین و ڕووسیا دژی هیچ لایەنێکی سێیەم نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG