لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە چین بڵاویکردەوە هاتووە دەڵێت لە کۆتایی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری چین لی کە چیانگدا بۆ فیلیپین، پەکین و مانێڵا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی هێز بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە دەریای باشووری چین.
ناکۆکیەکانی نێوان چین و فیلیپین کۆنن بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان چین و فیلیپین زۆر باشتر بووە لەو کاتەوەی ڕۆدریگۆ دۆتێرتی بۆتە سەرۆکی فیلیپین.
هەریەک لە مالیزیا و تایوان و بروناوی و ڤیێتنام و فیلیپین داوای کۆمەڵێک بەش دەکەن لە دەریای باشووری چین و دوورگەکانی.
بەیاننامە هاوبەشەکە کە دەزگای هەواڵی چین شینخوا بڵاویکردەوە دەڵێت چین و فیلیپین جەختیان لەسەر گرنگی بەرقەراربوونی ئاشتیلە دەریای باشووری چین و ئازادی چوون و هاتنی دەریایی و ئاسمانی کردۆتەوە.
بەیاننامەکە داوای کردووە توندوتیژی و هەڕەشەی توندڕەوانە بەکار نەهێنرێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا و گفتوگۆ و دانوستاندن ئەنجام بدرێت لەنێوان ئەو وڵاتانەدا.
هەروەها دەشڵێت " هەردوولا پێیان وایە ناکۆکییە دەریاییەکان پێناسەی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی نێوان چین و فیلیپین ناکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز