Accessibility links

چین دەڵێت دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکە بۆ ڕاستکردنەوەی نادادپەروەریی


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی

میدیای دەوڵەتی شین وای چین ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندووە هەوڵەکان بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینییدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکن بۆ ڕاستکردنەوەی نادادپەروەرییەکی درێژخایەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا ڕێگریکرد لە ئەندامێتی تەواوەتی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و ڕێگەی نەدا فەلەستینییەکان ئەندامێتییەکی تەواوییان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت.

ئاژانسی شین وا لە زاری وەزیری دەرەوەی چینەوە بڵاویکردەوە "وەرگرتنی دەستبەجێی فەلەستین بۆ ناو نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکە بۆ ڕاستکردنەوەی نادادپەروەرییەکی مێژوویی درێژخایەن."

به پێی ڕاپۆرته کان، 12وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانیان له ئەندامێتی تەواوی فەلەستین له نەتەوه یەکگرتووه کاندا کردووه . لەو دەنگدانەدا بەریتانیا و سویسرا دەنگی بێ لایەنیان بەو بڕیارنامەیە دابوو.

جگە لە فەرەنسا، چین و ڕووسیا، سێ ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، ژاپۆن و کۆریای باشوور، دوو هاوپەیمانی ئاسیای ئەمەریکا، دەنگیان بە ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەندامێتی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دابوو.

بۆ ئەوەی ئەو بڕیارنامەیە پەسەند بکرێت، لانیکەم 9 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش دەبوو پێی ڕازی بن و هیچ کام لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەو ئەنجومەنە - چین، فەرەنسا، ڕووسیا، بەریتانیا و ئەمەریکا - مافی ڤیتۆ بەکارنەهێنن، بەڵام ئەمەریکا ڤیتۆی کرد و بڕیارنامەکە پەسەند نەکرا.

جێگری نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو "ڤیتۆ"ی ئەم بڕیارنامەیە نابێت وەک دژایەتیی ئەمەریکا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینی هەژمار بکرێت، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەوەی کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە تەنیا لە ڕێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان لایەنەکانەوە بەدی دێت.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG