Accessibility links

شی: چین پشتیوانی لە پاکستان دەکات لە جێگیرکردنی ڕەوشە داراییەکەیدا


سەرۆکی چین شی جینپینگ و سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف، پەکین، چین
سەرۆکی چین شی جینپینگ و سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف، پەکین، چین

دەزگای هەواڵی چین لە زاری سەرۆکی چین شی جینپینگەوە بڵاویکردەوە چین بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پاکستان لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات ڕەوشە داراییەکەی جێگیر بکات، ئەمەش لە میانەی سەردانێکی سەرۆک وەزیری پاکستاندا بۆ پەکینی پایتەختی چین.

پاکستان کۆشش دەکات بۆ هاوسەنگکردنی قەیرانی پارەدان، تەنانەت پێش لافاوە گەورەکەی ئەم هاوینەش کە زیانێکی 30 ملیۆن دۆلار یاخود زیاتری گەیاند بە پاکستان.

پێشبینی دەکرێت پاکستان داوای کەمکردنەوەی قەرزەکانی بکات لە چین، بەتایبەتی لە 23 ملیۆن قەرزە دوولایەنەکەی نێوانیان.

سەرۆکی چین شی جینپینگ لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە هۆڵی مەزنی گەل لە پەکین، بە سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریفی گوت "چین و پاکستان دەبێت بە شێوەیەکی کاریگەرانە بەرەو پێشەوە بڕۆن لە بونیادنانی ڕێڕەوە ئابوورییەکەیاندا، هەروەها خێراکردنی بونیادنانی ژێرخانێک بۆ بەندەری ئاوی گوادار."

چین بەشداری لە کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی ژێرخان و کانەکاندا کردووە لە پاکستان، لەوانەش پڕۆژەی بەندەری ئاوی گوادار، هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی ڕێڕەوی ئابووری چین – پاکستاندا کە بەهاکەی دەگاتە 65 ملیار دۆلار.

شی ئاماژەشی بەوەدا دوو وڵاتەکە دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ خستنەوەی هەلومەرجێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی مەینڵاین و پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی بازنەیی کاراچی.

پەرەپێدان و پڕۆژەکان لە پاکستان کە هاوپەیمانێکی دێرینی چینە، بەشێکن لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوبانی شی جینپینگ کە مەبەست لێی باشکردنی ڕێگاکان و هێڵەکانی شەمەندەفەر و ڕێڕەوە ئاوییەکانی چینە لەگەڵ سەرانسەری جیهاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG