Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای چین لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا کۆدەبێتەوە


دەزگای ڕاگەیاندنی چین ڕایگەیاند بەرپرسێکی باڵای چین لە ماوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەیدا لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا دووبارە جەختی لە پەیوەندییەکانی چین کردووەتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، ئەمەش لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردووەوە یەکەمین جارە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی لەو شێوەیە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی هاوپەیمانی یەکتردا ڕووبدات.

سەردانەکەی ژاو لێژی کە پلەی سێیەمە لە ڕیزبەندی سەرکردایەتی پارتی کۆمیونیستی فەرمانڕەوادا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی چین دەکات، لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور موشەکی هەڵدا بۆ ترساندنی کۆریای باشوور و ئەمەریکای هاوپەیمانی ئەو وڵاتە.

دەزگای هەواڵی شینخوا بڵاویکردەوە کە ژاو لە کۆبوونەوەکەدا بە کیمی وتووە چین بە پەرۆشەوەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانییان. بەڵام باسی لە دۆخی سیاسیی نیمچە دوورگەی کۆریا یاخود ناوچەکەی نەکردووە.

چین گرنگترین سەرچاوەی یارمەتی ئابووریی و پشتیوانی دیپلۆماتی کۆریای باکوورە.

شینخوا لە زاری ژاوەوە بڵاویکردەوە، لە دوای دەستپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکەی نێوانییانەوە 75 ساڵ لەمەوبەر، چین و کۆریای باکوور " دراوسێی باشی یەکتر بوون و پێکەوە کۆششییان کردووە بۆ بە دەستهێنانی چارەنووسێکی هاوبەش و ئاستێکی گەشەکردن."

لە ماوەی جەنگی کۆریا لە ساڵانی 1950-1953 دا، چین لە بری کۆریای باکوور دژی ئەمەریکا و ئەوانی دیکە شەڕیکرد، لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا یارمەتی کۆریای باکووری داوە لە ئابوورییە لاوازەکەیدا، گوایە بەو کارەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە کە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوورەوە بەسەر پیۆنگیانگدا سەپێندراوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی ژاو ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ هاوتاکەی لە کۆریای باکوور چۆو ڕیۆنگ هایدا کۆبووەتەوە و تاوتوێی چۆنێتی زیادکردنی هاریکارییەکانی نێوانییان کردووە لە سەرجەم بوارەکاندا.

بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆریای باکوور سەرجەم سنوورەکانی داخست، ئەوەش لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و کەمی خۆراکدا لەو وڵاتەدا. سەردانەکەی ژاو بۆ کۆریای باکوور یەکەم گفتوگۆی ئاست بەرزی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە دوای کۆرۆناوە. پێش پەتای کۆرۆنا، کیم و سەرۆکی چین شی جین پینگ لە ساڵی 2019 دا دوو جار کۆبوونەوە.

کۆریای باکوور و چین بڕیارە دواتر لەم ساڵدا چەندین کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدەن. کۆریای باکوور هەوڵیداوە هاریکارییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیادا زیاتر بکات، ئەمەش لە نێوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باشووردا لەسەر هەڵدانی موشەکەکانی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG