Accessibility links

ڕێبەری کۆریای باکور بە سەردانێکی لەناکاو دەگاتە چین


ڕێبەری کۆریای باکور بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە چین و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

کەناڵی CCTV ی فەرمی چین ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند سەرۆک شی جین پینگ لە شاری دالیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور کۆبووەتەوە. هەروەها کەناڵەکە پارچە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هەردوو ڕێبەری نیشان دا لە ناوچەیەکی کەناری ئەو شارە لەسەر دەریای زەرد پـێکەوە پـیاسە و قسە دەکەن و تەنیا دوو کەسیان لەگەڵدایە.

کاربەدەستان و میدیا فەرمیـیەکانی چین لە بارەی ناوەرۆکی وتووێژەکان هیچیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتیان هەردوو ڕێبەر خۆشحاڵبوون بەوەی جارێکی دیکە چاویان بە یەکترکەوتەوە و هەروەها ڕێبەری کۆریای باکور خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بوژاندنەوەی پەیوەندیـیە دوو قۆڵیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات کەوا گەیشتووەتە ئاستێکی بێ پـێشینە.

لە لایەکی دیکە سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی چین وتووێژ دەکات لە بارەی بازرگانی کەوا شتی باش بەڕێوەیە و سەبارەت بە کۆریای باکور کە لەوێش پەیوەندی و متمانەیی دروستدەکرێت.

چاوەڕوان‌دەکرێت لەم مانگی پـێنجەدا سەرۆک ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکور کۆبوونەوەیەک سازبکەن، بەڵام هێشتا شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە ڕانەگەیەندراوە.

XS
SM
MD
LG