Accessibility links

سەرۆکی چین: پێویستە کێشەکانی کەنداو ئاشتیانە لەڕێی گفتوگۆکردنەوە چارەسەر بکرێن


سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی چین شی جین پینگ لە پەکین بە سەرۆک وەزیری عێراقی وت کێشەکانی ناوچەی کەنداو پێویستە ئاشتیانە لەڕێی گفتوگۆکردنەوە چارەسەر بکرێن و پێویستە هەموو لایەنەکان ئارام بن و دان بەخۆیاندا بگرن.

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە گرژییەکانی ناوچەی کەنداو زیاتر بوون، ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێیان وایە ئێران لە پشت ئەو هێرشەوە بووە.

سعودیە خۆی ئامادە دەکات لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووکاندا لە نیویۆرک بەڵگە بخاتە ڕوو کە تیایدا ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی دەستی هەبووە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەدا.

ڕیاز دەڵێت هێرشەکە لە باکوورەوە بووە و چەکی ئێرانی بەکارهێندراوە. لەلای خۆیەوە ئیرانیش ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەدا و بەڵێنیداوە وەڵامی هەر هێرشێکی سەربازی دژی وڵاتەکەی بداتەوە.

کەناڵی چین ئاماژەی بەوەدا سەرۆکی چین شی جین پینگ لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدیدا دووبارە جەختی لە داواکەی چین کردۆتەوە کە ئەویش ئارامی و دان بەخۆداگرتنە.

کەناڵەکە لە زاری شیەوە بڵاویکردەوە " لە ئێستادا ڕەوشی ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەستیار و ئاڵۆزە."

وتیشی "پێویستە لەسەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارامی بپارێزن و دان بەخۆیاندا بگرن، هەروەها پێویستە لەسەریان بەشێوەیەکی گونجاو و ئاشتیانە لەڕێی گفتوگۆکردن و دانوستانەوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتری کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەمەش لەپێناو کارکردن پێکەوە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە."

وتیشی چین ئامادەیە لەم بارەیەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا گفتوگۆ بکات، بە عێراقیشەوە.

چین پەیوەندیی ئابووری هەیە لەگەڵ هەریەک لە سعودیە و ئێران لە بواری وزەدا و ماوەیەکە هەوڵدەدات بە وریاییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوولادا بە هاوسەنگی بهێڵێتەوە.

ڕۆژی هەینی شی لەگەڵ پاشای سعودیەدا قسەی کردوو و سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەی کرد و داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی ڕاشکاوانە ئەنجام بدرێت و هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان بەدووربگرن لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک کە ببێتە هۆی خراپبوونی ڕەوشەکە.

لەم ساڵدا سعودیە گەورەترین سەرچاوەی نەوتی چین بووە و عێراقیش ئەندامی ڕێكخراوی ئۆپیکە و چوارەمین وڵاتە لە سەرچاوەی نەوت و لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە نزیکەی 930 هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی چین کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG