Accessibility links

چین ئاگاهی بە هیندستان دەدات


وو کیان گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین
وو کیان گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین

وڵاتی چین ئاگاهی بە هیندستان داوە لەوەی ئەو ناکۆکیـیەی لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە ناوچەیەکی سنووری، گەورەتر نەکات. دەشڵێت چەندە لەسەری بکەوێت ئامادەیە بەرگری لە سەروەری وڵاتەکەی بکات.

وو کیان گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی" بەزاندنی سنووری نیشتمانی لە لایەن هیندستانەوە پـێشـێلکاریـیەکی مەترسیدارە بۆ سەر خاکی چین و هەروەها دژ بە یاسای نێودەوڵەتیـیە.

جێی ئاماژەیە زیاتر لە مانگێـکە گرژیـیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە زیادیانکردووە، پاش ئەوەی لەشکری چین دەسـتیکرد بە دروستکردنی جادەیەک لە بەرزایی ناوچەی چومبی چیای دوکلام ئەوەی چین بە دونگلانگ ناودێری دەکات و دەکەوێتە سێ گۆشەی سنووری نێوان هەرسێ وڵاتی هیندستان و چین و بۆتان.

هیندستانیش هێزی لەشکری بۆ ناوچەکە ناردووە تاوەکو ڕێگە لە دروستکردنی جادەکە بگرێت. بەیژین دەڵێت ئەم هەنگاوەی هیندستان سەروەری چین پـێشێل دەکات، وە داوادەکات دەسـتبەجێ هیندستان هێزەکانی لەو ناوچەیە بکشێنێتەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری چین گوتیشی چەندە لەسەریان بکەوێت هەر سوورن لەسەر بەرگریکردن لە بەرژەوەندیـیە ئاسایشیـیەکانیان و سەروەری وڵاتەکەیان.

جەختی لەوەش کرد هێزەکانیان لەسەر سنوور ڕێوشوێنی بە پەلەیان گرتووەتەبەر و هێزی زیاتریش لە ناوچەکە بڵاودەکەنەوە.

هەردوو وڵات دەڵێن پـشتیوانی دەرەکیـیان بۆ هەڵوێستەکانیان هەیە. وڵاتی بۆتانیش لای خۆیەوە گوتی دروستکردنی ئەو ڕێگایە پـێشێلکردنێـکی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێکەوتنـنامانەیە کە لەگەڵ چین مۆرکراون.

لەو ناوچەیەی باشوری ئاسیا، چین و هیندستان ڕکابەری یەکتر دەکەن لە بوونی دەسەڵاتی زیاتر. بەیژین پارەیەکی زۆری بۆ ژێرخانی نیپاڵ و سریلانکا و بەنگلادیش خەرجکردووە. وڵاتی بۆتانیش وەک هاوپەیمانی نزیکی هیندستان ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG