Accessibility links

چین بودجەی سەربازیی زیاد دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ' هەڕەشە دەرەکییەکان '


پەرلەمانی چین، هۆڵی مەزنی گەل
پەرلەمانی چین، هۆڵی مەزنی گەل

چین ڕایگەیاند خەرجی سەربازیی وڵاتەکە بە خێرایی زیاد دەکرێت، هۆشداریدا دژی " پەرەسەندنی هەڕەشەکان " لە دەرەوە، ئەمەش لە میانە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا کە بڕیارە بۆ جاری سێیەم شی جینپینگ وەکو سەرۆکی وڵاتەکە دەستنیشان بکاتەوە.

زیادکردنی بودجەی سەربازیی چین کە دووەم گەورەترین بودجەی سەربازیی هەیە لە جیهاندا، لە کاتێکدایە کە پەکین ئامانجی گەشەی ئابووری وڵاتەکەی لەم ساڵدا بۆ نزیکەی لە سەدا پێنج ڕاگەیاند.

لەم ساڵدا چین 1.55 یەنی چین کە دەکاتە " 225 ملیار دۆلار " بۆ خەرجی سەربازیی دابین دەکات، ئەمەش لە ساڵی 2019 ەوە بە ڕێژەی لە سەدا 7.2 زیادیکردووە، لە ساڵی ڕابردوودا بە فەڕمی لە سەدا 7.1 زیادیکرد، زیادکردنەکە بە خێراترین زیادبوونی ڕێژەی خەرجییە سەربازییەکان دادەنرێت لە ساڵی 2019 ەوە تاوەکو ئێستا.

سەرۆک وەزیری چین لی کیکیانگ بە شاندەکانی کۆنگرێسی نیشتیمانی گەلی وت " هەوڵە دەرەکییەکان بۆ سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنی چین لە پەرەسەندندان."

لی کیکیانگ لە ماوەی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی کارەکانی حکومەتدا لە هۆڵی مەزنی گەل لە پەکین وتی " هێزە چەکدارەکان دەبێت مەشقە سەربازییەکانیان چڕتر بکەنەوە و ئامادەییان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیاتر بکەن."

وتیشی سوپا دەبێت " وزەیەکی زیاتر تەرخان بکات بۆ مەشقکردن بەپێی هەلومەرجەکانی شەڕ، هەروەها کارە سەربازییەکان لە سەرجەم ئاڕاستە و ڕووەکانەوە پتەوتر بکات."

هێشتا خەرجی بەرگری چین زۆر کەمترە لەو خەرجییەی کە ئەمەریکا بۆ بەرگری وڵاتەکە لەم ساڵدا تەرخانی کردووە، کە دەگاتە زیاتر لە 800 ملیار دۆلار.

بەڵام شیکەرەوەکان دەڵێن چین زۆر زیاتر لەو بڕە خەرج دەکات کە ڕایدەگەیەنێت.

زیادکردنی خەرجی سەربازیی چین لە کاتێکدایە کە واشنتن و پەکین لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ناکۆکییان هەبووە سەبارەت بە بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ و پرسەکانی دیکە، بەڵام مانگی ڕابردوو پەیوەندییەکان خراپتر بوون دوای ئەوەی ئەمەریکا باڵۆنێکی گومانلێکراوی هەواڵگری چینی بەسەر ئاسمانی ئەمەریکاوە خستە خوارەوە، ئەمەریکا دەڵێت باڵۆنەکە بۆ چاودێریکردن بەکارهێندراوە، چینیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی چین ڕەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا تایوان داگیر بکات، ئاماژەیان بە زیادبوونی بەرچاوی چالاکییە سەربازییەکانی چین داوە لە دەوروبەری تایوانی دیموکراتخوازدا، کە پەکین پێی وایە بەشێکە لە خاکی چین و بەڵێنیداوە بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG