Accessibility links

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە نەخۆشخانەیەکی پەکین 29 نەخۆش گیانیان لە دەستداوە


ڕۆژی سێشەممە ئاگرێک لە نەخۆشخانەیەکی پەکین کەوتەوە و بەهۆیەوە 26 نەخۆش گیانیان لە دەستدا و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، ڕۆژی چوارشەممە ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی ئاگرەکەوە بەرزبۆوە بۆ 29 کەس، ئەمەش لە یەکێک لە کوشندەترین ئاگرکەوتنەوەدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لە چین.

لە گرتە ڤیدیۆکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە دەردەکەوێت کە خەڵکەکە بەتانی جێگاکانیان بەستۆتەوە و هەوڵدەدەن لە ڕێیەوە بە دیواری نەخۆشخانەکەدا بێنە خوارەوە و ڕزگارییان بێت لە دوکەڵ و کڵپەی ئاگرەکە کە ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی چانگفێنگ کەوتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسان بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنییان وت لە کۆی ئەو 29 کەسەی کە گیانیان لە دەستداوە تەنها سێ کەسییان نەخۆش نەبوون، ئاگرەکەش لە ماوەی نیو کاتژمێردا کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەرپرسانی چین لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن، کە لە ساڵی 2002 ەوە کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە بووە لە پەکیندا، لە ساڵی 2002 دا ئاگرێک لە کافێیەک کەوتەوە و 25 کەس گیانیان لە دەستدا.

بەرپرسان وتیان لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن ئاگرەکە کە زیاتر کاریکردۆتە سەر ئەو شوێنەی کە نەخۆشە هەستیارەکانی تێدا بووە، بەهۆی ماددەیەکی بۆیاخی سوتێنەرەوە بووە لەو بەشەی نەخۆشخانەکەدا داندراوە کە نۆژەن دەکرێتەوە.

بەیانی زووی ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسان وتیان 39 بریندار هێشتا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، سێ کەسییان لە بارودۆخێکی سەختدان و 18 کەسییان لە مەترسیدان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG