Accessibility links

سەرۆکی چین ستایشی پەیوەندییەکان دەکات لەگەڵ فەڕەنسادا


سەرۆکی چین شی جینگ پینگ ڕۆژی یەکشەممە ستایشی پەیوەندییەکانی کرد لەگەڵ فەڕەنسادا و وتی مۆدیلێکی نێودەوڵەتیە، ئەمەش لە ماوەی سەردانێکی دەگمەنیدا بۆ فەڕەنسا لە نێوەندی زیادبوونی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان چین و یەکێتی ئەوروپادا.

بڕیارە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوا لە شی بکات ناهاوسەنگییەکانی بازرگانی کەم بکاتەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕووسیا بەکاربهێنێت لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی چین لەگەڵ ماکرۆن و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڤۆن دێر لیندا کۆببێتەوە.

شی کە لەلایەن سەرۆک وەزیری فەڕەنسا گابریێل ئاتاڵەوە لە پاریس پێشوازیی لێکرا، لە بەیاننامەیەکدا کە لە کاتی گەیشتنیدا بڵاوکرایەوە دەڵێت پەیوەندییەکانی نێوان چین و فەڕەنسا " مۆدیلێکن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و هاریکاریی نێوان ئەو وڵاتانەی کە سیستمی کۆمەڵایەتی جیاوازییان هەیە."

فەڕەنسا پشتگیری لە لێکۆڵینەوەیەکی یەکێتی ئەوروپا کردووە لەسەر هەناردەکردنی ئوتومبێلی کارەبایی لەلایەن چینەوە، لە مانگی یەکیشدا پەکین لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد لەسەر خواردنەوەی ' براندی ' کە زۆربەیان لە فەڕەنساوە هەناردە دەکرێن بۆ چین.

پێش سەردانە دوو ڕۆژەییەکەی شی بۆ فەڕەنسا، کە لە ماوەی پێنج ساڵدا یەکەم گەشتییەتی بۆ ناوچەکە، ماکرۆن لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لا تریبونی فەڕەنسیدا وتی " دەمانەوێت ئاڵوگۆڕییەکمان هەبێت کە ئاسایشی ئابووریمان لەبەرچاو بگرێت."

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بە تایبەتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا، دابەش بوون لەسەر ڕەفتارییان بەرامبەر چین.

سەرچاوەکان وتییان ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز بەهۆی کاری دیکەوە ناتوانێت لە پاریس بەشدار بێت لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شی و ماکرۆن.

ماکرۆن بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت وتی " لە ئەوروپا، ئێمە کۆدەنگ نین لەسەر بابەتەکە چونکە هەندێک لە یاریکەرەکان هێشتا چین بە بازاڕی دەرفەتەکان دەبینن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG