Accessibility links

چین و فەڕەنسا ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر ڕێکەوتنی ئاسایشی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا


ڕۆژی پێنجشەممە چین ناڕەزایی دەربڕی سەبارەت بە ڕێکەوتنی نوێی ئاسایشی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوستڕالیا لە ئۆقیانووسی هیندی و هێمن، وتی ئەم هاوبەشیە نابێت وڵاتێکی دیکە بکاتە ئامانج، هەروەها هۆشیاریدا لەسەر زیادبوونی کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکەدا.

بەپێی ڕێکەوتنە نوێیەکە، ئەمەریکا و بەڕیتانیا تەکنەلۆجیایەک دەدەن بە ئوستڕالیا تاوەکو بتوانێت ئەو ژێر دەریاییانە بەکاربهێنێت کە بە وزەی ناوەکی کاردەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە فەڕەنسا کە ڕێکەوتنەکەی خۆی لەسەر ژێردەریاییەکان لەگەڵ ئوستڕاڵیادا لەدەست دەدات، ڕێکەوتنەکەی بە دڕندانە و پێشبینی نەکراو ناودێرکرد.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵدەدەن کۆمەڵێک ڕێوشوین بگرنەبەر بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیادبوونی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی زیادبوونی توانا سەربازییەکانی و فشارەکانی بۆ سەر تایوان و ڕەوانەکردنی هێز بۆ دەریای جێناکۆکی لەسەری باشووری چین.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و سەرۆک وەزیری ئوستڕالیا سکۆت مۆریسن لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا بە ناو ئاماژەیان بە چین نەدا، بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنیش بە ڕۆژنامەنووسانیان وت مەبەست لە هاوبەشییەکە ڕووبەڕووبوونەوەی چین نیە.

بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیژان وتی ئەو سێ وڵاتە " زیانێکی گەورە دەگەیەنن بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، کێبڕکێی خۆپڕچەککردن زیاد دەکەن و زیان بەو هەوڵە نێودەوڵەتیانەش دەگەیەنن کە بۆ زۆرنەبوونی چەکی ناوەکی دەدرێن."

وتیشی " چین پێی وایە هەر کارێک لە ناوچەکەدا دەکرێت دەبێت بە ئاشتی بێت و ببێتەهۆی زیادبوونی متمانە و هاریکارییەکان، نابێت وڵاتێکی دیکە بکاتە ئامانج یاخود لە بەرژەوەندییەکانی بدات."

وتەبێژی سەرۆک وەزیری ئوستڕالیا وتی ئەم ڕێکەوتنەی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2016 ی نێوان فەڕەنسا و ئوستڕالیا دەهێنێت کە تیایدا فەڕەنسا ئەرکی دروستکردنی ژێردەریاییەکی بەدەستەوە بوو بۆ ئوستڕاڵیا کە نرخەکەی دەگاتە 40 ملیار دۆلار.

لەلای خۆیەوە فەڕەنسا ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی لەدواوە چەقۆی لێداوە و لەم بابەتەدا هەست دەکات بایدن وەکو دانۆڵد ترامپ ڕەفتاری کردووە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی " ئەم بڕیارە دڕندە و پێشبینی نەکراو و تاکلایەنەیە زیاتر کارەکانی بەڕێز دانۆڵد ترامپم بەبیر دەهێنێتەوە، من توڕەم. ئەمە شتێکە لەنێوان هاوپەیمانەکاندا ناکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG