Accessibility links

چین داوای کەنەدا و ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی دوو کەنەدایی ڕەتدەکاتەوە


چین داواکەی کەنەدای ڕەتکردەوە بۆ ئازادکردنی دوو هاوڵاتی کەنەدایی کە تۆمەتبارکراون بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی چین.

هوا چونیانگ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی چین ناڕەزایی توندی خۆی دەربڕیوە و بە هەموو شێوەیەک ڕاگەیاندنەکانی کەنەدا و ئەمەریکا لە بارەی ئەو دوو کەنەدایـیە ڕەتدەکاتەوە.

گوتیشی وڵاتەکەی داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار دەکات ئەوپەڕی ڕێزی خۆیان بۆ سەربەخۆیی دادوەری چین نیشان بدەن.

خانم کریستیا فریلاند وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕۆژی هەینی داوای لە چین کرد مایکڵ کۆڤریگ دیپـلۆماتکاری پـێشوو و مایکڵ سپاڤۆر کارداری بنکە لە چین ئازادبکات کە لە 10 ی مانگی دوازدەوە دەسـتگیرکراون.

واشنتنیش ڕۆژی هەینی داوای ئازادکردنی ئەو دوو کەنەدایـیەی کرد و هەروەها بەریتانیا و کۆمسیاری ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕەخنەی توندی لەو وڵاتانە گرت و گوتی ئەو وڵاتانە بە پـێوانەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ مافی هاوڵاتیانی هەر وڵاتێک دەکەن. گوتی" بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا چ پەیوەندیـیەکیان بەم بابەتەوە هەیە، لە کوێ بوون کاتێک دەسەڵاتدارانی کەنەدا بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر داوای ئەمەریکا کاربەدەستانی چینیان دەستگیرکرد."

چاودێران پـێیانوایە دەستگیرکردنی ئەو دوو کەنەدایـیە جۆرە فشارێکە بۆ سەر کەنەدا لە کەیسی خانم مینگ وانچۆ بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای هواوی چینی کە لە سەرەتای مانگی دوازدە لەسەر داوای ئەمەریکا لە کەنەدا دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی پـێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکردا و لە چاوەڕوانی ڕادەستکردنێتی بە ئەمەریکا، ئەمەش پـرۆسەیەکە ڕەنگە چەند مانگێک کاتی بوێت.

XS
SM
MD
LG