Accessibility links

وەزیری دەرەوەی چین بە ئوستڕاڵیا دەڵێت وەکو هاوبەش ڕەفتار بکات نەک وەکو ڕکابەر


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی داوای لە وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا پێنی وۆنگ کرد وەکو هاوبەش مامەڵە لەگەڵ چیندا بکات نەک وەکو ڕکابەر، هەروەها داوای کرد " وزەیەکی ئەرێنی " هەبێت بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی چین وتی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستدا لە بالی، وانگ هیوای خواستووە ئوستڕاڵیا " سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و هەنگاوی بەرجەستە بنێت و تێگەیشتنی بۆ چین ڕاست بکاتەوە."

وانگ وتی " ڕەگی ئاڵۆزییەکانی ناو پەیوەندییەکانی چین و ئوستڕاڵیا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەوەیە کە حکومەتەکانی پێشووی ئوستڕاڵیا سوور بوون لەسەر ئەوەی وەکو ڕکابەر و هەڕەشە " مامەڵە لەگەڵ چیندا بکەن، وتیشی کار و گوفتاری ئوستڕاڵیا " نابەرپرسانە " بوون.

لە ساڵی 2020 ەوە چین کۆتوبەندی خستۆتەسەر هاوردەکردنی خەڵوز و بەرهەمەکانی دیکەی ئوستڕاڵیا. هەروەها یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە چینی توڕە کردووە داواکانی ئوستڕاڵیا بوو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی ئوستڕاڵیا داواشی کردبوو لێکۆڵینەوەیەک بکرێت لەسەر دەستوەردانی چین لە سیاسەتی ئوستڕاڵیادا، هەروەها قەدەغەشی کردووە کۆمپانیای هواوی چین بەشداری نەوەی پێنجی ئوستڕاڵیا بکات.

وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا پێنی وۆنگ وتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین یەکەمین هەنگاو بووە بەرەو جێگیرکردنی پەیوەندییەکان، بەڵام کاتی دەوێت بۆ پەکین تاوەکو گەمارۆ بازرگانییەکان لەسەر ئوستڕاڵیا لاببات.

ئوستڕاڵیا نیگەرانیشی دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی بوونی چین لە ناوچەی پاسێفیکدا، ڕۆژی هەینی سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا ئەنتۆنی ئالبانێس هۆشداریدا و وتی پەکین " شەڕانگێزتر " بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG