چین هانی پەیوەندییەکی نزیکتر دەدات لەڕووی ئاسایش و هاریکارییەکانەوە لەگەڵ ئەفغانستاندا، ئەمەش لە هەوڵێکی دیاردا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە وڵاتەکەدا.
دەزگای هەواڵی فەڕمی چین شینخوا بڵاویکردەوە وەزیرانی دەرەوەی چین و ئەفغانستان و پاکستان لەڕێی کۆنفرانسێکی ڤیدیۆوە کۆبوونەتەوە و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دەبێت کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەرپرسانە بێت تاوەکو نەبێتە هۆی خراپتربوونی ئاسایشی ئەفغانستان و گەڕانەوەی " گروپە تیرۆریستیەکان ".
دەزگاکە لە زاری وەزیری دەرەوەی چین وانگ ییەوە بڵاویکردەوە " سێ وڵاتەکە پێویستیان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاریکارییەکانی نێوانیانە " ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا.
وانگ وتی " ئاسایش و سەقامگیری ئەفغانستان و ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری نوێ بوونەتەوە، کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستاندا کاریکردۆتە سەر پڕۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی لە ئەفغانستان، گروپە چەکدارە تیرۆریستیەکان چالاکییەکانیان زیاتر بووە."
چین هەمیشە دژایەتی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی کردووە لە ئەفغانستاندا، بەڵام دەشزانێت وڵاتەکە دەکرێت ببێتە شوێنێکی پارێزراو بۆ گروپە چەکدارەکان و ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر هەرێمی شینگیانگی چینی کە سنوورێکی کەمی لەگەڵ ئەفغانستاندا هەیە.
شینخوا وتی وانگ و وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان محەمەد حەنیف ئەتمار و وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕەیشی ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی " پێویستە ڕێگە بە هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی یاخود هیچ لایەنێک نەدرێت ناوچەکانیان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە."
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس